"لە رێژەی نوێنەرایەتی پێكهاتەی كریستیان لە پەرلەمانی عێراق رازی نین"

:: PM:07:32:23/11/2020 ‌

دوای 2003 و لە سەردەمی عێراقی نوێدا نەخشەی سیاسی ئەو وڵاتە لەسەر بنەمایەكی پێكهاتەیی هاتە دامەزراندن، بۆ ئەوەی هەمووان بەپێی قورسایی و ژمارەیان لە حكوومەت و پەرلەمان بەشدار بن، یەكێك لە پێكهاتە رەسەنەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان كریستیانەكانن، ریحان حنا ئەیووب، پەرلەمانتاری عێراق و سەرۆكی فراكسیۆنی ئەنجوومەنی میللی كلدانی سریانی ئاشووری تیشكی خستە سەر دۆخی كریستیانەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بۆ "وشە"، دووپاتی كردەوە، لە رێژەی نوێنەرایەتیی كریستیان لە پەرلەمانی عێراق رازی نین.
ژیان لە هەرێم زۆر گونجاوە و كریستیانەكان و دەتوانن بەئاشتی تیایدا بژین
*لە ساڵانی رابردوو كۆچكردنی كریستیانەكان بۆ دەرەوە، بۆ ئەوروپا و ئەمەریكا و كەنەدا زیادی كرد، ژمارەی ئەوان چەندە و هۆكاری كۆچكردنیان چی بوو؟

كۆچی كریستیانەكان بۆ دەرەوەی عێراق لە 2005 دەستی پێ كرد، ئەوكاتەی كوشتن لەسەر ناسنامە سەری هەڵدا و بەو هۆیەوە نیو ملیۆن كریستیان عێراقیان جێهێشت یان روویان لە هەرێمی كوردستان كرد و لەوێ خۆیان لە كەشێكی ئارامتر بۆ ژیان دۆزییەوە، بەڵام دواتر و دوای سەرهەڵدانی رێكخراوی داعش، بەتایبەتی ئەو راگواستنە بەزۆرەی لە سنووری دەشتی نەینەوا و ناوچە كێشەلەسەرەكانی گرتەوە، هەموو كریستیانەكانی ئەو ناوچانە كۆچیان كرد.

دوای ئازادكردنی ئەو ناوچانە لە داعش، تەنیا نیوەی ئەوانەی كۆچیان كردبوو بۆ ناوچەكانیان گەڕانەوە، چونكە بەشێكیان بۆ دەرەوەی عێراق و وڵاتانی دراوسێ كۆچیان كردبوو، هەندێكیشیان لە هەرێم نیشتەجێ بوون و لەوێ دوور لە ململانێكان و ناوچەكانیان كە كەڵكی ژیانی نەماوە، بنیاتی ژیانی خۆیان نایەوە، بەومانایەی نیوەی كریستیانەكان عێراقیان جێهێشتووە، هۆكاری جیاوازیش بۆ ئەو كۆچكردنە هەیە، لەوانە تایبەت و گشتی، لە هۆكارە تایبەتەكان، داگیركردنی ناوچەكانیان لەلایەن داعش و راگواستنی بەزۆریان و ترساندن و كوشتن و رفاندن و لەدەستدانی موڵكوماڵ و سامانەكانیان، هۆكاری تریش هەن، وەك گەڕان بەدوای ژیانێكی باشتر بەهۆی ناسەقامگیریی عێراق، ئەوانە بوونە هۆی كۆچكردنی كریسیانەكان لە ناوچەكانیان.

*كریستیانەكان بەشێكی رەسەنی كۆمەڵگەی عێراقن، ژمارەی ئەوان چەندە و ئاخۆ رازین لە رێژەی نوێنەرایەتیكردنیان لە پۆستەكانی حكوومەت و لە پەرلەمانی عێراق؟

ئامار و سەرژمێرییەكی وردمان لەبەردەستدا نییە بۆ زانینی ژمارەی راستەقینەی كریستیانەكان لە عێراق، بەڵام هەموو ئامارە لاوەكییەكان كە لە رێگەی رێكخراوەكانەوە ئەنجام دەدرێت، ژمارەی كریستیانەكان لە عێراق لە نێوان ملیۆنێك و 250 هەزار و ملیۆنێك و 500 هەزار كەس دەبێت، هاوكات ئێمە لە رێژەی نوێنەرایەتیكردنی كریستیانەكان لە عێراق رازی نین و ئەو رێژەی ئێستە هەیە ناگاتە ئاستی پێویست، بۆ نموونە كریستیانەكان لە پەرلەمانی كوردستان پێنج كورسی پەرلەمانیان هەیە، جیا لە كورسییەك بۆ پێكهاتەی ئەرمەن، بەڵام ئەگەر ئەوە بە پەرلەمانی عێراق بەراورد بكەین، لە عێراق نوێنەرایەتیی كریستیان تەنیا پێنج كورسییە، ئەوە سەرەڕای داواكارییەكانمان بۆ بەدەستهێنانی كورسییەكی تر بۆ پێكهاتەی ئەرمەن، بەڵام بێ سوود بووە.

*لە عێراق دەستوورێكی هەمیشەیی هەیە و زۆرینەی گەلی عێراق دەنگیان پێی داوە، كەچی بەهۆی جێبەجێ نەكردنی زۆرێك لە بڕگەكانی ناڕەزایەتی بەرانبەر هەیە، وەك كریستیان چۆن سەیری دەستوور دەكەن؟

دەستووری عێراق یەكسانی لە نێوان هەموو پێكهاتەكانی وڵات لەبارەی ئەرك و مافەكان فەراهەم كردووە، لەو رووەوە باشە، بەڵام كێشەی دەستووری عێراق لە جێبەجێكردنی رۆحی دەستوورەكە و جێبەجێكردنی بە شێوەیەكی دادوەرانەیە.

وەك كریستیانێك چۆن سەیری داهاتووی عێراق دەكەن؟، چۆن دۆخی كریستیانەكان لە هەرێمی كوردستان هەڵدەسەنگێنن؟ 

هەموو ئەو رووداوانەی لە عێراق روودەدەن، بە شێوەیەكی ئەرێنی و نەرێنی كار لە پێكهاتەی كریستیان دەكەن، بەڵام رووداوەكانی دوایی ئاماژەی مەترسیدارن بۆ ئەو پێكهاتە رەسەنە، كە بە كۆنترین و دێرینترین گەلانی ناوچەكە دادەنرێت، ئەگەر بەراوردێك لەگەڵ بوونی كریستیانەكان لە هەرێمی كوردستان بكەین، تێبینی ئەوە دەكەین رێژەی ئەو كریستیانانەی لە هەرێم نیشتەجێن، زیاتر لە 90%ی كۆی گشتی كریستیانەكان پێكدێنێت، بۆیە لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بكەین كە زەوینەی ژیان لە هەرێم زۆر گونجاوە و كریستیانەكان و دەتوانن بەئاشتی تیایدا بژین و خۆیان لەگەڵ رووداوەكان بگونجێنن، زیاتر لە بەشەكانیتری عێراق. 

*عێراق بەدەست چەندان تەنگژەوە دەناڵێنێت، لەوانە هزری تایفی و ئاینی، وەك كریستیان تا چەند ئەوانە كاریان كردووەتە سەر پێكەوەژیانی پێكهاتەكان لە عێراق؟

یەكێك لە زیاترین هۆكارەكانی بووەتە هۆی كۆچكردنی پێكهاتەی كریستیان لە عێراق، گوتاری تایفی و كوشتن لەسەر ناسنامە بووە، وەك پێشتر ئاماژەمان بۆی كرد، لەپاڵ ئەوەیش ئەو هزرە دەبێتە هۆی دووبەرەكی و جیابوونەوەی هەموو پێكهاتەكان و بە نەرێنی كار دەكاتە سەر هەمووان، بەتایبەتی بوونی كریستیانەكان.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل