مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ شاندی دانوستانكاری ھه‌رێم لەگەڵ به‌غدا كۆبووه‌وه.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م 23ی تشرینی دووه‌م، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ستایشی ھه‌وڵ و ماندووبوونی شاندی دانوستانكاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد له دانوستانه‌كانیان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق و داكۆكیكردن له شایسته داراییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و له پێش هه‌موویانه‌وه مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان.
شاندی هه‌رێمی كوردستان له هه‌ر كاتێك به پێویستی بزانێت، ئاماده‌یه سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات
وه‌ك له راگه‌یه‌نراوێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاتووه، له كۆبوونه‌وه‌كه دووپات كرایه‌وه له‌وه‌ی شاندی دانوستانكاری هه‌رێم لایه‌نی فه‌رمی گفتوگۆیه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق و به هیچ شێوه‌یه‌ك حكوومه‌تیش هه‌رێم سازش له مافه ده‌ستوورییه‌كان و شایسته داراییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ناكات.
هه‌روه‌ها دووپات له‌وه كرایه‌وه كه شاندی دانوستانكاری حكوومه‌تی هه‌رێم هه‌موو هه‌وڵ و توانایه‌كی خۆی خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ گه‌یشتن به ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق و به‌رده‌وام داكۆكی له مافه ڕه‌واكانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان كردووه.
هه‌ر له كۆبونه‌وه‌كه‌دا، پرۆسه‌ی گفتوگۆی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق تاوتوێ كرا هه‌روه‌ها شاندی هه‌رێمی كوردستان له هه‌ر كاتێك به پێویستی بزانێت، ئاماده‌یه سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات.