كامیان كۆرۆنا لەناو دەبات.. ڤاكسین یان چارەسەری؟

:: PM:08:09:23/11/2020 ‌

ئێستە كۆمپانیاكانی دەرمان لە كێبەركێیەكی بەهێزدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بۆ پەتای كۆرۆنا، ئەوان هەریەكەیان باسی چارەسەری و ڤاكسین دەكەن، كە هیوا و گەشبینی بۆ چەندان ملیار كەس لە دنیا دروست كردووە، بەڵام كامیان گورزەكە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەوەشێنێت، ڤاكسین یان چارەسەری؟
ڤاكسین پەتاكە بەیەكەجاری لەناوی نابات، بەڵكو رێگری لە بڵاوبوونەوەی دەكات
لە ماوەی دواییدا چەند كۆمپانیایەك سەركەوتنی تاقیكردنەوەی ڤاكسینەكانیان راگەیاند، بەڵام رەزامەندی لەسەر بەكارهێنانی ڤاكسین بۆ ناوەڕاستی مانگی داهاتوو ماوەتەوە، كە بەپێی ئەنجامی راگەیندراوی تاقیكردنەوەكان، رەزامەندی و بەكارهێنانی ئەو ڤاكسینانە نیوچە دووپات كراوەیە، بەتایبەتی ڤاكسینەكانی فایزەر/بیۆنتیك و مۆدێرنا و رەنگە هی ئۆكسفۆردیش، هاوكات بەڕێوەبەرایەتی دەرمان و خۆراكی ئەمەریكی شەمووی رابردوو رەزامەندیی بەكارهێنانی چارەسەرێكی كۆمپانیای تەكنۆلۆجیای ژیانی بۆ حاڵەتی فریاگوزاری دا.

بەڕێوەبەرایەتییەكە گڵۆپی سەوزی بۆ بەكارهێنانی چارەسەری كۆمپانیای "ریجینیرۆن" بەناوی "ریجن-كۆف-2"، هەڵكرد، كە تێكەڵێكە لە دوو دژەتەن، ئەوەیش دوای ئەوەی دەركەوت توانای كەمكردنەوەی توندی حاڵەتەكانی تووشبوونی بەو ڤایرۆسە هەیە، كە پێویست بە چوونە نەخۆشخانە و بەشی فریاكەوتن دەكەن.

ئەوكاتەی باسی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكرێت، زانایان جیاوازی لە نێوان ڤاكسین و چارەسەری دەكەن، د زرار بەلعاوی، شارەزای نەخۆشییە پەتاییەكان دەڵێت، ڤاكسین دەدرێتە كەسی تەندروست بۆ پاراستنی لە تووشبوون بە ڤایرۆس و میكڕۆبەكان، لەوكاتەی چارەسەری دەدرێتە كەسانی تووشبوو بە نەخۆشییەكە یان ئەوانەی نیشانەیان لەسەر دەركەوتووە.

د مەیس عەبسی، توێژەر لە دەرمانزانی، دەڵێت، ئەركی ڤاكسین پاراستنی لەش و راهێنانی سیستمی بەرگرییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكانی وەك كۆرۆنا، واتە بۆ ئەوە دەدرێ بۆ ئەوەی پەتاكە بڵاو نەبێتەوە، لەوكاتەی زەحمەتی چارەسەركردنی ڤایرۆسەكە بەو هۆیەوەیە كە كار دەكاتە سەر چەند ئەندامێكی لەش و دەبێ پەنا بۆ چەند چارەسەرییەك بەپێی قۆناغەكانی گەشەسەندنی ڤایرۆسەكە ببرێت، واتە دەرمانی هەر قۆناغێك جیاوازە.

بەلعاوی ئاماژە دەكات، مێژوو سەلماندوویەتی ڤاكسین بووەتە هۆی وەستانی پەتاكان، ئەویش لە رێگەی دروستكردنی بەرگری بەكۆمەڵ، واتە 60 بۆ 70%ی كۆمەڵگە، كە پێویستە بۆ نەهێشتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام ڤاكسین بەیەكەجاری لەناوی نابات، بەڵكو رێگری لە بڵاوبوونەوەی دەكات و ڤایرۆسەكە لەگەڵماندا دەژی و جەنگ لە دژی بەردەوام دەبێ و دەبێتە وەرزی و رەنگە خۆی بگۆڕێت.

ئەو پزیشكە دووپاتی كردەوە، رووبەڕووبوونەوەی هەر نەخۆشییەكی ڤایرۆسی یان میكڕۆبی، پێویست بە ڤاكسین و چارەسەری بەیەكەوە دەكات، یەكەمیان كۆمەڵگە دەپارێزێ و رێگری لە بڵاوبوونەوەی پەتاكە دەكات، دووەمیش چارەسەری تووشبووان دەكات، بەتایبەتی بەتەمەن و نەخۆشانی درێژخایەن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل