فه‌رمانده‌یه‌كی پێشووی سوپای پاسداران و راوێژكاری سه‌ربازی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران، خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماریی ئێران كاندید كرد.
فه‌رمانده‌ی پێشووی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران بووە
.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م 24ی تشرینی دووه‌م، حوسێن دیهقان فه‌رمانده‌ی پێشووی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی له گرته‌یه‌كی
ڤیدیۆییدا، خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری ئێران راگه‌یاند.
هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری ئێران مانگی ئایاری ساڵی داهاتوو ئه‌نجام ده‌درێت و ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی سوپای پاسداران یه‌كه‌م كاندیدی ئه‌و پۆسته‌یه و له‌لایه‌ن عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه، پاڵپشتی ده‌كرێت.
ئێران تا ئێسته 12 خولی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری به‌ڕێوه بردووه، حوسێن دیهقان راوێژكاری سه‌ربازی خامنه‌یی بۆ خولی سێزده‌یه‌م خۆی كاندید كردووه، ئه‌و فه‌رمانده سه‌ربازییه له خولی یه‌كه‌می سه‌رۆك كۆماری حه‌سه‌ن رۆحانی، وه‌زیری به‌رگریی ئێران بوو و دواتر له‌لایه‌ن خامنه‌ییه‌وه وه‌ك راوێژكاری فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان بۆ كاروباری پیشه‌سازی جه‌نگ و پشتیوانی هێزه چه‌كداره‌كان ده‌ستنیشان كرا.
هاوكات له سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د خاته‌می، جێگری وه‌زیری به‌رگری و له سه‌رده‌می ئه‌حمه‌دینه‌ژاد سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی شه‌هیدی كۆماری ئیسلامیی ئێران بوو و به‌ر له‌و پۆستانه فه‌رمانده‌ی گشتی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران بووه.
تا ئێسته هه‌ریه‌ك له ئه‌بولحه‌سه‌ن به‌نیسه‌در، محه‌مه‌د عه‌لی ره‌جایی، عه‌لی خامنه‌یی، ئه‌كبه‌ر هاشمی ره‌فسه‌نجانی، محه‌مه‌د خاته‌می، مه‌حموود ئه‌حمه‌دینه‌ژاد و حه‌سه‌ن رۆحانی له ماوه‌ی 12 خولی هه‌ڵبژاردنی ئێران توانیویانه پۆستی سه‌رۆك كۆماری ئه‌و وڵاته بگرنه ده‌ست.