چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە سنووری گوندەكانی سەر بە شارۆكەی ماوەت لە پارێزگای سلێمانی، بۆ خۆپاراستن لە بۆردمانی فڕۆكەكانی توركیا توونێل لێ دەدەن و بارەگاكانیان تیادا حەشار دەدەن.
مەترسییەكە زیاتر بۆ گوندنشینەكان دەبێت
حوسێن عەلی، خەڵكی گوندی سەفرەی سەر بە شارۆكەی ماوەت، ئەمڕۆ سێشەم 24ی تشرینی دووەم، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، چەكدارانی پەكەكە سەرەڕای ئەوەی بوونەتە سەرچاوەی ترس و دڵەڕاوكێ بۆ دانیشتووانی ناوچەكە، ماوەیەكە دەستیان بە لێدانی توونێل كردووە، ئەمەیش وەك هەنگاوێكی نوێ بۆ خۆپاراستن لە هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا.
زیاتر گوتی، شوێنی توونێلەكان زۆر لە ئاواییەكانەوە دوور نییە، بۆیە گوێمان لە دەنگی تەقینەوەكانیانە كە بۆ هەڵكەندنی توونێلەكان بەكاری دێنن، ئەو هاووڵاتییە ئاشكرای كرد، پەكەكە بارەگاكانی دەباتە ناو ئەو توونێلانەوە، بەمەیش خۆی لە مەترسی بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا دەپارێزێت، بەڵام مەترسییەكە زیاتر بۆ گوندنشینەكان دەبێت.
ئەندامانی پەكەكە لە سنووری سلێمانی بەشێوەیەكی بەرچاو لە زیادبووندان و لە ژمارەكی زۆری گوندەكانی سەر بە شارۆكەكانی شارباژێڕ و ماوەت و پێنجوێن بوونیان هەیە، ئەوان سەرقاڵی قاچاخچییەتی و وەرگرتنی سەرانە و گومرگن لە هاووڵاتییان.
كامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت بە "وشە"ی ڕاگەیاند كە ئەوان هیچیان لەسەر ئەو كارەی پەكەكە پێ نەگەیشتووە و لەو ڕووەوە زانیاری نییە، ئاماژەی كرد كە ئەوان دوورن لە ئاواییەكانەوە و سەرقاڵی هەرچی بن پێوەندی بەخۆیانەوە هەیە، گرنگ ئەوەیە كێشە بۆ خەڵك دروست نەكەن.
سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا