ماڵپه‌ڕی میدل ئێست ئای ڕاپۆرتێكی له‌باره‌ی دوا سه‌ردانی ئیسماعیل قائانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران بۆ عێراق بڵاو كردووه‌ته‌وه و له زاری گه‌وره فه‌رمانده‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی ئاماژه‌ی داوه، كه قائانی كه‌متر له 24 سه‌عات دوای هێرشه مووشه‌كییه‌كه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو بۆ سه‌ر ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا گه‌یشتووه‌ته عێراق و به په‌له هه‌مووانی ئاگه‌دار كردووه‌ته‌وه، كه هه‌موو جموجۆڵێك دژی ئه‌مه‌ریكا بوه‌ستێنن، تره‌مپ به ڕژدی نیازی هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگی هه‌یه.
فه‌رمانده‌یه‌كی باڵای یه‌كێك له گرووپه‌كانی میلیشیاكانی ئێران له عێراق بۆ ماڵپه‌ڕه‌كه دووپاتی له‌وه كردووه‌ته‌وه، كه فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران به په‌له دوای گه‌یشتنی بۆ به‌غدا له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی میلیشیاكان كۆبووه‌ته‌وه و فه‌رمان و ڕاسپارده‌ی تارانی پێگه‌یاندوون، به توندی ئاگه‌داری كردوونه‌ته‌وه، كه تاران نایه‌وێ هیچ دژایه‌تییه‌كی ئه‌مه‌ریكا و هێرشێك بۆ سه‌ر باڵوێزخانه و سه‌ربازگه‌كان و كاروانه‌كانی له عێراق ئه‌نجام بدرێت، تا دوای نه‌مانی تره‌مپ له ده‌سه‌ڵات هه‌موو شتێك بوه‌ستێنن.
ئه‌و فه‌رمانده‌یه كه له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی قائانی به‌شداری كردووه و ده‌ڵێ، تره‌مپ ده‌یه‌وێ جه‌نگمان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبگیرسێنێت و به‌ر له جێهێشتنی كۆشكی سپی ده‌یه‌وێ تۆڵه‌ی شكستی له هه‌ڵبژاردن بكاته‌وه، زۆر ڕژدیش له هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگ، بۆیه هیچ له به‌رژه‌وه‌ندی ئێران و عێراقیش نییه، كه بیانوو بده‌ینه ده‌ست تره‌مپ تا جه‌نگێكی وێرانكه‌ر دروست بكات، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێ له هه‌موو كات زیاتر وریا بین و هیچ ده‌ستدرێژییه‌ك نه‌كرێته سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق.
ماڵپه‌ڕه‌كه نووسیویه‌تی، جموجۆڵه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی تره‌مپ به‌رانبه‌ر ئێران زۆر هه‌ستیارن و پێشتر فه‌رمانی به بۆردمانی بنكه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران كردبوو و له دوا سات دا په‌شیمانیان كردووه‌ته‌وه و له ڕۆژانی ڕابردوویش فڕۆكه‌ی جه‌نگی بی 52ی ڕه‌وانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرده‌وه، كه ته‌نیا بۆ جه‌نگی فره‌وان كه‌ڵكی لێ وه‌رگیراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ به‌حرێن و ئیماڕات و وڵاتانی تری عه‌ره‌بی، كه هه‌ردوولا دوژمنی سه‌رسه‌ختی ئێرانن، تارانی خستووه‌ته نێو ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌كی زۆره‌وه، به ته‌واوی هه‌ست به‌وه ده‌كات كه له ناوچه‌كه گه‌مارۆ دراوه و ده‌روازه‌كانی باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی لێ ته‌سك ده‌كرێته‌وه.
به فه‌رمانی خامنه‌یی میلیشیاكان له هێرشكردنه سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا وه‌ستێنران
تاران له ڕێی سه‌رچاوه‌كانی و گرووپه‌كانی لۆبیكردن له واشنتنه‌وه، ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌باره‌ی ڕژدیه‌تی تره‌مپ له ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئێران، پێگه‌یشتووه. بۆیه به په‌له‌كردن و خێراییه‌كی زۆر قائانی ڕه‌وانه‌ی به‌غدا كراوه، تا دۆخه‌كه هێور بكاته‌وه.
به‌ر له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا له سێی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ر له ئه‌نجامی هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌مه‌ریكا به داخستنی باڵوێزخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له به‌غدا ترسی خسته دڵی حكوومه‌تی عێراق و سیاسییه‌كانی شیعه له به‌غدا، له به‌رانبه‌ردا هه‌مووان ناچار بوون كه میلیشیاكان ناچار بكه‌ن، ئاگربه‌ست ڕابگه‌یه‌نن و چیتر كاتیۆشا ئاراسته‌ی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا نه‌كه‌ن، تا هه‌ڵبژاردن یه‌كلایی ده‌بێته‌وه، چونكه تره‌مپ ترسی هه‌بوو، له‌وه‌ی هێرشه‌كانی ئێران و میلیشیاكانی به‌رده‌وامیان هه‌بێ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان دابنێن و به زیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و بشكێته‌وه.
دوای ته‌واوبوونی هه‌ڵبژاردن و سه‌ركه‌وتنی بایدن، له ڕۆژانی ڕابردوو سه‌ركرده‌كانی میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران له عێراق دووپاتیان له‌وه كرده‌وه، كه ئه‌وان به مه‌رجی دیارییكردنی واده‌یه‌ك بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ئاگربه‌ستیان ڕاگه‌یاندووه و تا ئێسته‌یش ئه‌و واده‌یه ڕوون نییه و هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریكایش كۆتایی هاتووه، بۆیه واده‌ی ئاگربه‌ست ته‌واوبووه، هاوكات له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی ئه‌و هه‌ڵوێسته حه‌وت مووشه‌كی كاتیۆشا له ڕۆژانی ڕابردوو ئاراسته‌ی ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا كران، ئه‌مه‌یش به ده‌سپێكی ململانێ و گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و میلیشیاكانی ئێران له عێراق لێكدرایه‌وه، له دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا.
تره‌مپ زۆر به ڕژدی نیازی هه‌یه به‌ر له ڕاده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات گورز له ئێران بوه‌شێنێت
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌و ماڵپه‌ڕ، فه‌رمانی ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له پێش هه‌ڵبژاردن و ئێسته‌یش كه قائانی به سه‌ركرده‌كانی میلیشیاكانی ڕاگه‌یاندووه، له‌لایه‌ن عه‌لی خامنه‌یی ڕێبه‌ری شۆڕشی ئیسلامی ئێرانه‌وه ده‌ركراوه، نه‌ك ته‌نیا بۆ میلیشیاكانی ئێران له عێراق، به‌ڵكو بۆ میلیشیاكانی ئه‌و وڵاته له سووریا و لبنانیش هه‌مان فه‌رمان ده‌ركراوه و هه‌مووان پێوه‌ی پابه‌ند ده‌بن.
سه‌ركرده‌یه‌كی تری میلیشیاكان بۆ میدل ئێست ئای ده‌ڵێ، هه‌مووان پابه‌ندی بڕیاری پێشوو بووین و بڕیاری ئه‌مجاره‌یش پێڕه‌و ده‌كه‌ین، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی فه‌رمانده‌ی گرووپه‌كانی حه‌شد بۆچوون و بیرۆكه‌ی جیاوازیان هه‌یه له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ده‌ركردنیان له عێراق، به‌ڵام كاتێك فه‌رمانێكی له‌وجۆره بێت، هه‌مووان پێوه‌ی پابه‌ند ده‌بن و به هیچ شێوه‌یه‌ك پێشێلی ناكه‌ن.
سه‌رچاوه‌كان هێمایان بۆ ئه‌وه‌یش كردووه، كه قائانی دوای سه‌ردانی بۆ لبنان گه‌یشتووه‌ته به‌غدا و یه‌كه‌مجاریش له ماڵی هادی عامری له به‌غدا له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی حه‌شد كۆبووه‌ته‌وه، كه سه‌ركرده‌ی میلیشیاكانی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق و كه‌تیبه‌كانی حزبوڵا و نوجه‌با تێیدا ئاماده بوون، ئه‌مه جیا له بوونی ئه‌بو فدك محه‌مه‌داوی سوپاسالاری حه‌شدی شه‌عبی و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی هاوپه‌یمانی فه‌تح و ده‌وڵه‌تی یاسا.
دوا قسه‌كانی قائانی بریتی بووه له‌وه‌ی كه پێویسته زۆر وریا بن، چونكه هه‌ڵگیرسانی جه‌نگه‌كه زۆر كاره‌ساتبار ده‌بێ، ته‌نیا عێراق ناگرێته‌وه، به‌ڵكو سووریا و لبنان و یه‌مه‌ن و سعوودیه و كوێت و ئێرانیش ده‌بێته گۆڕه‌پانی جه‌نگی هه‌ردوولا، كه مه‌به‌ستی ئێران و ئه‌مه‌ریكا بووه.