توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرای كرد كە خواردنەوەی كاكاو دەبێتە هۆی زیادبوونی چالاكیی مێشك بەهۆی بوونی گیراوەی فلاڤانۆل، كە مادەیەكی كیمیاییە و بە رێژەیەكی زۆر لە كاكاودا هەیە.
بۆ تەندروستی دڵ و لوولەكانی خوێن باشە
توێژەران لە بەریتانیا و ئەمەریكا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی، توانای مێشكی كەسانی تەندروست و پێگەیشتوو باشتر دەبێ ئەگەر كاكاو بخۆنەوە كە ئاستێكی بەرزی گیراوەی فلاڤانۆلی تیادایە، وەك رۆژنامەی "دەیلی مێڵ"ی بەریتانی باسی كردووە.
گیراوەی فلاڤانۆل دژە ئۆكسێنەرە و زیاتر لە چا و توو و سێو و هەرمێ و گیلاس و فوولی سودانیدا هەیە، هەروەها لە رەگی داری كاكاو و تۆوی كاكاودا، ئەو گیراوە بەوە ناسراوە كە بۆ تەندروستی دڵ و لوولەكانی خوێن باشە، ئەو تۆێژینەوە یەكەمینە كە دەری دەخات فلاڤانۆل كاریگەری ئەرێنی بۆ سەر لوولەكانی خوێن و توانای مێشك لای كەسانی پێگەیشتوو و تەندروستی باش هەیە.
كاتارینا ریندیرۆ، توێژەر لە زانكۆی بێرمنگهام لە بەریتانیا دەڵێت، فلاڤانۆل بریتییە لە گەردیلەی ورد و لە چەندان میوە و سەوزەدا هەیە، هەروەها لە كاكاویش، ئەو رەنگی بریقەدار و جوان بەو میوانە دەدات و سوودی بۆ كاری لوولەكانی خوێن هەیە، بۆیە دوای توێژینەوەكە دەركەوت ئەوانەی ئەو گیراوەیان زیاتر وەرگرتووە، كاردانەوەی بەهێزتر و خێراتریان بۆ ئۆكسجین لە مێشك هەیە، بە بەراورد بەوانەی گیراوەكەیان كەمتر وەرگرتووە و توانای مێشكیان باشتر و خێراتر بوو.