تا ئێستە چوار ڤاكسین سەركەوتنی ئەنجامی تاقیكردنەوەكانیان راگەیەندراوە و چاوەڕوان دەكرێ لە ناوەڕاستی مانگی كانوونی یەكەمی داهاتوو دوای مۆڵەت وەرگرتن، هەندێكیان بخرێنە بەكارهێنانەوە، بەڵام كامیان باشترە و ئەگەر هەر ڤاكسینێكت بۆ بەردەست بێت بەكاری دێنیت؟
ئەو ڤاكسینانەی لەژێر پەرەپێدانن، نزیكەی هاوشێوە كار دەكەن
دوو مەرجی سەرەكی سەركەوتوویی هەر ڤاكسینێك كاریگەری و بێزیانییەتی، واتە بتوانێ وەڵامدانەوە و بەرگری لەش دژ یە ڤایرۆسەكە دروست بكات و كاریگەریی خراپیشی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ نەبێت، ئەوانە مەرجن بۆ مۆڵەت پێ دانیان، چونكە ئەو ڤاكسین ئەركی پاراستنی مرۆڤە، ئێستە هەرچوار ڤاكسینی فایزەر/ بیۆنتیك و مۆدێرنا و ئەسترازینیكا/ئۆكسفۆرد و سپۆتنیك-ڤی، سەركەوتنی ئەنجامەكانیان راگەیاندووە.
ژمارەی تووشبوون و مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوامە،
د پیتەر هۆتز، بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی ڤاكسین لە نەخۆشخانەی تەكساس بۆ منداڵان بە ئێزگەی "NPR"ی ئەمەریكی راگەیاند، رەنگە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو ڤاكسین بگاتە خەڵك و هەوڵێكی فرەوانی پێدانی ڤاكسین دەست پێ دەكات، لە ساڵی داهاتوویش پرۆسەكە خێرا و فرەوانتر دەبێت، پێم وایە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییانی ئەمەریكا پێیان دەدرێت.
هۆتز روونی كردەوە، هەموو ئەو ڤاكسینانەی لەژێر پەرەپێدانن، نزیكەی هاوشێوە كار دەكەن، ئەویش هاندانی دروستبوونی بەرگری لەش لەدژی پڕۆتینی ڤایرۆسەكە، بەڵام لە سایەی بوونی چەند ڤاكسینێك رەنگە ئەو پرسیارە بكرێت، چاوەڕوانی كامەیان بكەین بۆ ئەوەی بەكاری بێنین؟
ئەو پزیشكە دەڵێت، هەر ڤاكسینێك وەردەگرم كە بۆم بەردەست بێ و مۆڵەتی بەكارهێنانی لە بەڕێوەبەرایەتی خۆراك و دەرمانی ئەمەریكی وەرگرتبێت، بۆیە پێویست بە زۆر بیركردنەوە و چاوەڕوانی ناكات، ئەو ڤاكسینە وەربگرە كە دەستت دەكەوێت، لەگەڵ ئەوەیش ئەو پزیشكە هێشتا هانی خەڵكی دا بۆ بەردەوامبوون لە لەیەكتر دووركەوتنەوەی جەستەیی و بەستنی دەمامك.