گرێبەستێكی گرنگ واژوو دەكرێت

:: AM:08:57:26/11/2020 ‌
گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕای دەگەیەنێت، ئەمڕۆ گرێبەستێكی گرنگ لەگەڵ ڕێكخراوی جایكای ژاپۆنی واژوو دەكرێت كە نۆژەنكردنەوەی تۆڕی ئاوی ئیفراز سێی هەولێرە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 26ـی تشرینی دووەم، كوردۆ شابان گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ گرێبەستێك لە نێوان وەزارەتی شارەوانی و ڕێكخراوی جایكای ژاپۆنی واژوو دەكرێت بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی گرنگ لە هەولێر.

بریتییە لە نۆژەنكردنەوەی تۆڕی ئاوی ئیفراز سێ و چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر
زیاتر گوتی، ناوەڕۆكی پڕۆژەكە بە گوژمەی زیاتر لە سێ ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەكرێت و بریتییە لە نۆژەنكردنەوەی تۆڕی ئاوی ئیفراز سێ و چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر.

باسی لەوەش كرد، ئەو پڕۆژەیە لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستەیە كە پێشتر لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێكخراوی جایكا هەبووە و لە چوار قۆناغ پێك هاتووە.

ڕوونی كردەوە، ئێستە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە سوودێكی زۆری بۆ هاووڵاتییان و دانیشتووانی شاری هەولێر دەبێت، چونكە چەندان ساڵە كێشەی گەیاندنی ئاو لە هەندێ ناوچە هەیە، بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە تا ئاستێكی زۆر كێشەكە چارەسەر دەبێت.



وشە - رامیار جەواد