بڕیارە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نووسینگەی پاسپۆڕتی چەمچەماڵ بكرێتەوە و یەكەمین پاسپۆڕتیش بۆ كوڕە شەهیدێك دەردەکرێت.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەم 26ـی تشرینی دووەم، بە ئامادەبوونی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، نووسینگەی پاسپۆڕت بۆ کارئاسانیی هاووڵاتییانی چەمچەماڵ لە شارۆکەکە بكرێتەوە.
یەكی ئەیلوولی ئەمساڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق مۆڵەتی بە كردنەوەی نووسینگەی پاسپۆڕتی چەمچەماڵ دا
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە "وشە" دراون، بە ئامادەبوونی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، نووسینگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ دەكرێتەوە و یەكەمین پاسپۆرتیش بۆ كوڕی شەهێدیك دەبێت باوكی تاقانەی ئەنفال بووە.
ڕۆژی یەكی ئەیلوولی ئەمساڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق مۆڵەتی بە كردنەوەی نووسینگەی پاسپۆڕتی چەمچەماڵ دا كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆڕتی سلێمانی دەبێت.
رەمەک رەمەزان، قایمقامی شارۆکەی چەمچەماڵ بە وشەی راگەیاند، هەر یەکە لە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بەمەبەستی کردنەوەی فەرمانگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ لە سنورەکەن و دوای دوو ساڵ کارکردن توانرا بە سەرکەوتویی فەرمانگەی پاسپۆرت لە سنورەکە بکرێتەوەو خزمەت بە 270 هەزار هاووڵاتی سنورەکە بکات.
ئەوەشی گوت، ئەو کارەی بۆ چەمچەماڵ کراوە گەورەترین خزمەتە بۆ سنورەکە بەراورد بە ناوچەکانی تری پارێزگای سلێمانی بە هەردوو ئیدارەکانەوە، وەزیری ناوخۆ ئەمڕۆ فەرمانگەکەی کردەوەو وەک وەفایەکیش بۆ دوو ماڵباتی سنورەکە، یەکەم پاسپۆرت و دووەم پاسپۆرت دەدرێنە دوو هاووڵاتی یەكێکیان خاوەن شەهید و ئەوی تریان تاقانەی ئەنفالە.
بە كردنەوەی نووسینگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ كارئاسانی باش بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوان و شەهیدان و هاووڵاتییانی سنوورەكە دەكات.
شارۆكەی چەمچەماڵ ڕێژەی دانیشتووانی نزیكەی 300 هەزار هاووڵاتییە و پێشتر دانیشتووانەكەی بۆ كاروباری پاسپۆڕت سەردانی سلێمانی یان كەلاریان دەكرد.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی