تیمێک پزیشکی پسپۆری هیند نەشتەرگەرییەکی دەگمەن لە هەرێمی كوردستان دەکەن

:: AM:11:11:26/11/2020 ‌
یاریدەدەری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سەنتەری دڵ لە هەولێر ڕای دەگەیەنێت، تیمێكی پزیشكی هیند نەشتەرگەریی بۆ منداڵان دەكەن كە نەشتەرگەریی دڵە و بۆ یەكەم جارە لە هەرێمی كوردستان بكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 26ـی تشرینی دووەم، باوەڕ حوسێن یاریدەدەری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سەنتەری دڵی هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، تیمێكی پزیشكی هیند سەردانی كردووین، 15 نەشتەرگەری بێ‌ بەرانبەر ئەنجام دەدەن و سەرجەمیان بۆ منداڵانە.

بڕیاریان داوە لە هەر سەردانێك بۆ هەولێر، 25 نەشتەرگەری بكەن بۆ ئەو منداڵانەی پێویستیان بە نەشتەرگەریی دڵ هەبێت
زیاتر گوتی، ئەو نەشتەرگەرییە بۆ یەكەمین جارە بكرێت و ئەو تیمە بڕیاریان داوە لە هەر سەردانێك بۆ هەولێر، 25 نەشتەرگەری بكەن بۆ ئەو منداڵانەی پێویستیان بە نەشتەرگەریی دڵ هەبێت.

باسی لەوەش كرد، نەخۆشی و بوونی كێشە لە دڵی منداڵان زۆرە، بەتایبەتی ئەو نەخۆشییە زگماكییەكانی منداڵان، پێشتر تا تەمەنێكی تەواو نەماندەتوانی ئەو نەشتەرگەرییە ئەنجام بدەین و دەبواو بە چارەسەری پزیشكی و دەرمان تا تەمەنی 30 ساڵی بەرگەی ئەو ئازارەیان بگرتایە.

ڕوونی كردەوە، ئەو نەشتەرگەرییە بە خۆڕایی ئەنجام دەدرێت، پێشتر بۆ نەشتەرگەرییەكی لەو شێوەیە لە دەرەوەی وڵات زیاتر لە 30 هەزار دۆلاری تێدەچوو جگە لە خەرجی گەشت و مانەوە.




وشە - رامیار جەواد