سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر بڕیاری دا چیتر له ڕێگه‌ى نامه‌ى مۆبایل مۆڵه‌ت به ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نه‌كه نه‌درێت، ئه‌ندامێكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێریش راى ده‌گه‌یه‌نێت، مه‌به‌ستیان وه‌رگرتنى مۆڵه‌ته‌كان به‌شێوه‌یه‌كى یاسایى بێت.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م، ئازاد ئه‌كره‌م ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر به"وشه"ى راگه‌یاند، ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر بڕیاری داوه ئیتر مۆڵه‌ت له ڕێگه‌ى نامه‌ى مۆبایل نه‌بێت و ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌ن به‌نووسراو داواى مۆڵه‌ت بكه‌ن.
زیاتر روونى كرده‌وه، پێشتر زۆر جار ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا له ڕێگه‌ى نامه‌ى مۆبایل ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تییان له پێدانى مۆڵه‌ت ئاگادار ده‌كرده‌وه، به‌ڵام ئیتر ده‌بێت به‌نووسراو پێشكه‌شى بكه‌ن یان له ڕێگه‌ى سه‌رۆكى فراكسیۆنه‌كه‌یانه‌وه.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر گوتى، مه‌به‌ستى ده‌ركردنى ئه‌و بڕیاره بۆ رێكخستنى كاروبارى مۆڵه‌ته به‌شێوه‌یه‌كى یاسایى و پابه‌ندى ئه‌ندامان به مۆڵه‌ته‌وه.
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى هیچ ئه‌ندامێكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر به‌بێ مۆڵه‌ت سه‌ردانى ده‌ره‌وه‌ى وڵاتى كردووه ئازاد ئه‌كره‌م گوتى، به‌بێ مۆڵه‌ت نه‌بووه، به‌ڵام ته‌نیا بهئاگهداركردنهوهى له ڕێگه‌ى مۆبایل مۆڵه‌تى وه‌رگرتووه.
ناوبراو دڵنیایی دا كه له‌كاتى پێدانى مۆڵه‌ت هیچ جیاوازییه‌ك ناكرێت له نێوان ئه‌ندامانى فراكسیۆنه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر.