سووریا.. 19 چەكداری میلیشیاكانی سەر بە ئێران كوژران

:: PM:07:26:26/11/2020 ‌

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە سووریا بەردەوامە، ئەمڕۆ پێنجشەم 19 چەكداری ئەو میلیشیایانە لە هێرشێكی ئاسمانی بۆ سەر پێگەكانیان لە رۆژهەڵاتی سووریا كوژران، وەك ئەوەی روانگەی مافی مرۆڤی سووریا باسی كرد.
چەكدارە كوژراوەكان پاكستانین
بەپێی ئەوەی روانگەكە بڵاوی كردووەتەوە، پێشبینی دەكرێ فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل ئەو هێرشەیان ئەنجام دابێت، كە گرووپێكی چەكداری سەر بە ئێرانیان لە نزیك شارۆكەی ئەلبوكەمال لە دەشتی رۆژهەڵاتی دێرزوور لەنزیك سنووری لەگەڵ عێراق كردووەتە ئامانج و كوژراوەكانیش هەموویان پاكستانین.  

ناوچەكانی نێوان هەردوو شارۆكەی ئەلبوكەمال و مەیادین لە رۆژهەڵاتی دێرزوور دەكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی میلیشیاكانی سەر بە ئێران، كە لە جەنگی سووریا پاڵپشتی لە مانەوەی بەشار ئەسەدی سەرۆكی شیعەی ئەو وڵاتە دەكەن.

بەپێی روانگەكە ئێوارەی شەمووی رابردوویش بە هەمانشێوە بۆردمانێكی ئاسمانی چەند ناوچەیەكی دێرزووری گرتەوە و بووە هۆی كوژرانی 14 چەكداری میلیشیاكان كە عێراقی و ئەفغانستانی بوون، ئەگەرچی راپۆرتی روانگەكە باسی ئەوە دەكات كە ئیسرائیل لەپشت ئەو هێرشانەیە، بەڵام بەزەحمەت دەتوانرێ دووپات لەوە بكرێتەوە، چونكە ئیسرائیل و حكوومەتی سووریا باسی هیچ ناكەن. 

لەوكاتەی دوێنێ جەلعاد ئەردان، باڵوێزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەكگرتووەكان پەیامێكی ئاراستەی ئەنجوومەنی ئائسایش كرد و داوای وەرگرتنی رێوشوێنی بە پەلەی كرد بۆ دەركردنی هێزەكانی ئێران لە سووریا، دووپاتی كردەوە، تا ئێستە رژێمی سووریا رێگە بە ئێران و میلیشیاكانی دەدا بۆ بەكارهێنانی خاك و دامەزراوە سەربازییەكانی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل