ئەمڕۆ لە شارۆکەی سۆران کەسێک بە هۆکارێکی نادیار گیان لە دەست دەدات، پۆلیسی ناوچەکهیش دەڵێت، ئەگەر هەیە حاڵەتی خۆکوژی بێت.
شەماڵ دێواری گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگاداركراینەوە لە هەبوونی ڕووداوێکی کوشتن كەسێك بە ناوی "ح.س.م" تەمەن 34 ساڵ، دانشتووی ڕهواندوز، پیشەى مامۆستایە و خێزاندارە بەهۆی بەركەوتنی گولـلە گیانی لە دەست داوە.
گوتەبێژی پۆلیسی سۆران دەڵێت، "تەرمی هاووڵاتییەکە لە ژوورێکی بەخێوکردنی پەلەوەر دۆزراوەتە و چەکێکی کلاشینکۆفیشی لەلابووە، بەپێی لێكۆلێنەوە سەرەتاییەكان و گوفتاری شایەد حاڵەكان گومان دەكرێت حاڵەتی خۆكوژی بێت.
دووپاتی کردەوە، "لەسەر فەرمانی دادوەر تەرمەكە ڕەوانەی پزیشكی دادی سۆران كراوه، بە مەبەستی توێكارى و لێکۆڵینەوەی زیاتر و چۆنیەتی گیان لە دەست دانی".
شایەنی باسه ساڵانە لە دەڤەری سۆران چەند حاڵەتێکی کوشتن و خۆکوشتن بە هۆکاری جیا جیا ڕوودەدەن.
سۆران/ موڕشید برادۆستی