كه‌مێك پێش ئێسته ته‌له‌فزیۆنى فه‌رمى ئێرانى بڵاوى كرده‌وه، ئه‌مڕۆ موحسین فەخریزادە یه‌كێك له زانا گه‌وره‌كانى ئەتۆمی ئێران له نزیك ناوچه‌یه‌كى تارانى پایته‌خت تیرۆر کرا.
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 27ى تشرینى دووه‌م، موحسین فەخریزادە به‌ڕێوبه‌رى یه‌كه‌م و یه‌كێك له زانا گه‌وره‌كانى ئەتۆمی ئێران له نزیك ناوچه‌ى "ده‌ماوه‌ند" له تارانى پایته‌خت ئه‌و وڵاته له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكه‌وه تیرۆر کرا.
به‌پێى زانیارییه‌كان، لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەى پاسه‌وانه‌كانى موحسین فەخریزادە و ئه‌و گرووپه چه‌كدارییه سێ کەس لە گرووپە چەکدارییەکە کوژراون.
ڕوونكراوه‌ته‌وه، زانیارییە سەرەتاییەكان ئاماژەیان به‌وه داوه جگه له زاده چوار له هاوڕێیه‌كانیشى تێرۆركراون، لە بەرامبەریشدا سێ لەو هێرشبەرانە كوژراون.
هه‌روه‌ها وەزارەتی بەرگری ئێرانیش کوژرانی موحسین فەخریزادە زانای ئەتۆمی وڵاتەکەی پشتڕاست کردەوە و ئاشكرایان كردووه، "ئەگەرچی پزیشكان هه‌وڵی زۆریاندا بۆ ڕزگاركردنی فه‌خریزاده، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه نه‌توانرا له‌و هه‌وڵه‌یان سه‌ركه‌وتوو بن."
موحسین فەخریزادە مەهابادی، تاكە زانای ئەتۆمی ئێران بوو كە پێشتر ڕاستەوخۆ لەلایەن بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەمیانی بەرنامەیەكدا، باسی كراوە، كە شارەزایەكی دیاری بواری چەكی ئەتۆمییە له‌و وڵاته، زاده یه‌كێك بوو له زانا پێشكه‌وتووه‌كانی توێژینه‌وه زانستییه‌كان و ناوی له لیستی سزادراوانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كاندا هه‌بوو. فەخریزادە ئەندامی باڵای سوپای پاسداران و سەرۆکی دەزگای لێکۆڵینەوە و تەکنەلۆژیای وەزارەتی بەرگری ئێران بوو کە لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا بە سندوقی رەشی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران ناسرابوو.