شەوی ڕابردوو لە نزیك مەرقەدی شێخ محەمەد كەسنەزانی تەقە كراوە و بەرپرسانی ئەو مەرقەدەش دەڵێن تەقەكان بۆ ئەوان نەبووە، بەڵام هەفتەی ڕابردوو سێ كەس تەقەیان لە مەرقەدەكە كردووە.
هەژار شێخ محەمەد بەرپرسی راگەیاندن و پێوەندییەكانی تەكییەی شێخ محەمەد كەسنەزانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا ڕای گەیاند، شەوی ڕابردوو لەسەر شەقام تەقە ڕووی دا، پێوەندی بە ئێمەوە نییە و ئەو تەقانەی كراون دوور بوون لە تەكییەكە.
سێ كەس بەو هۆیەوە گیراوە و چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەكەین
زیاتر گوتی، لە هەفتەی رابردوو تەقە لە مەرقەدی شێخ محەمەد كەسنەزانی كرا و سێ كەس بەو هۆیەوە گیراوە و چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەكەین.
ڕوونی كردەوە، شەوی هەینی تەقە كراوە، بەڵام لە ئێمە دوور بووە، لایەنەكانی ئاسایشیش چوونەتە شوێنی رووداوەكە و ئێمەیش هاوكاریمان كردوون و گرتەی كامێراكانی چاودێریمان پێداون.
مەرقەدی تەریقەتی قادری كەسنەزانی لەسلێمانی گۆڕی شێخ محەمەد كەسنەزانی تێدایە كە هاوینی ئەمساڵ كۆچی دوایی كرد.