هێزە چەكدارە نایاساییەكان لە شنگال دەردەکرێن

:: AM:09:32:28/11/2020 ‌
بڕیارە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەم هەرچی بارەگای چەكدار هەیە لە شنگال و ئاڵای دانەگرتبێت، لەلایەن هێزەكانی سوپای عێراقەوە ناچار بە داخستنی دەكرێت.

ئەمڕۆ شەموو 28ـی تشرینی دووەم، ئارزین شنگالی چالاكی كۆمەڵی مەدەنی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لەلایەن جەبار یاوەر فەرماندەی كردەوەگەلی مووسڵ فەرمان دەرچووە، سەرجەم بارەگا چەكدارییەكان لە شنگال ئاڵاكانیان دابەزێنن.

لە ڕۆژی دووشەم هەر ئاڵایەكی چەكداری بەسەر بارەگای حزبەكانەوە بێت، ئەوا ئەو بارەگایە دادەخرێت 
ئەو چالاكە گوتی، دواین كات شەوی یەكشەم لەسەر دووشەم دیاری كراوە و پێویستە سەرجەم هێزە چەكدارەكان پێیەوە پابەند بن.

باسی لەوەش كرد، ئەو هێزانە ئاگەدار كراونەتەوە لە ڕۆژی دووشەم هەر ئاڵایەكی چەكداری بەسەر بارەگای حزبەكانەوە بێت، ئەوا ئەو بارەگایە دادەخرێت و ئێستە ژمارەیەكی كەمی بارەگای چەكداری ئاڵایان بەسەر ماوە.

هەفتەی ڕابردوو ژمارەیەكی زۆر لە پۆلیس برانە سنووری شنگال، ئەوەیش بۆ دەرپەڕاندنی هێزە چەكدارەكانی پەكەكە و حەشدی شەعبی كە هۆكارن بۆ بەردەوامی نائارامی بۆ شنگال و دەوروبەری.



وشە - رامیار جەواد