دابەشکردنی پارە بەسەر خێزانە هەژار و كەمدەرامەتەكانی هەولێر بەردەوامە

:: AM:10:40:28/11/2020 ‌

بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، دڵنیایی بە خێزانە هەژارەكان دەدەین كە دابەشكردنی بڕی 100 هەزار دینارەكە بەسەر 49 هەزار خێزانەكەی هەولێر بەردەوامە.

ئەمڕۆ شەموو 28ـی تشرینی دووەم، یوسف چاوشین بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دڵنیایی دەدەینە خێزانە كەمدەرامەتەكان كە كورتەنامە لە پارێزگای هەولێر بۆ ئەو 49 هەزار خێزانە دەچێت كە ناویان لە لایەن تیمەكانی ئێمە وەك كەمدەرامەت تۆمار كراون.

 بەڕێوەبەری گشتی گوتی، ئەو 49 هەزار خێزانە ئاگەدار دەكرێنەوە سەردانی كامە بانك بكەن، بەڵام بۆ ئەوەی جەنجاڵی دروست نەبێت، بڕیارمان داوە رۆژانە كورتەنامە بۆ بەشێك لە خێزانەكان بنێرین و هاوكارییەكە لە 24 بانك دابەش بكەین.

باسی لەوەش كرد، پێویستە هەر كەسێك خۆی هاوكارییەكەی وەربگرێت و ئەو كەسانەی بە هۆكاری نەخۆشی یان بەساڵاچوویی خۆیان ناتوانن سەردانی بانكەكان بكەن، بڕیارێكی تایبەتمان دەبێت بۆ گەیاندنی هاوكارییەكە بە دەستیان.

هاوكارییەكە بڕی 100 هەزار دینارە و 49 هەزار خێزان لە سنووری پارێزگای هەولێر لێی سوودمەند دەبن. ئەم هاوكارییە لە چوارچێوەی هاوكاری گشتی حكوومەتە بەسەر 140 هەزار خێزان لە هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد