هێڵی گواستنەوەی غازی نێوان ئێران و عێراق ئامادەیە

:: PM:05:08:20/02/2017 ‌
بێژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران لە میانی سەردانێكی بۆ بەغدا رای گەیاند كە یەكەم هیڵی تۆڕی لوولەی گواستنەوەی غازی ئێران بۆ عێراق ئامادەیە بۆ كاركردن و دووەم هێڵیش ساڵی داهاتوو تەواو دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەم زەنگەنە گەیشتە بەغدا و لەگەڵ جەبار لعێبی هاوتا عێراقییەكەی كۆبوونەوە، زەنگەنە بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، یەكەم هێڵی گواستنەوەی غازی ئێرانی كە لە شاری كرمانشاوە بەرەو پارێزگەی دیالە راكێشراوە، ئێستە ئامادەیە بۆ بەگەڕخستن.

زیاتر گوتی، دووەم هێڵی گواستنەوەی غاز لە نێوان هەردوو وڵات لە ئێرانەوە بەرەو پارێزگای بەسڕە درێژ دەبێتەوە و ساڵی داهاتوو تەواو دەبێت و دەكەوێتە كار، هاوكات زەنگەنە خۆشحاڵی خۆی بۆ هاریكاریی نێوان عێراق و ئێران پێشان دا بەتایبەتی لە چوارچێوەی ئۆپێكدا.

لەلایەكی تر وەزیری نەوتی ئێران رای گەیاند كە چەندان زەوینەی لەبار بۆ هاوكاری لە نێوان ئێران و عێراق هەیە لەوانە هاوبەشی كۆمپانیاكانی ئێران لە پڕۆژەكانی نەوتی عێراق و بەكارهێنانی خاكی ئێران بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق.

سەرچاوە: شەفەق نیوز





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل