ملیۆنێك و 450 هەزار كەس بە كۆرۆنا مردوون و سەرووی سێ هەزار كەسیان هی هەرێمی كوردستانە

:: AM:11:29:28/11/2020 ‌
سەرەڕای ئەوەی كە ژمارەی ‌حاڵەتەكانی مردن بە هۆی كۆرۆنا لە هەڵكشاندایە و لەم رۆژانە زۆرترین كەس بە كۆرۆنا دەمرن، بەڵام بەرهەمهێنانی كۆمەڵیك پێكوتە و لێدانیان لە خەڵك لە مانگی داهاتووەوە پێ دەچێت پاشەكشە بە ‌حاڵەتەكانی مردن بكات. سێ رۆژ لەمەوبەر ژمارەی پێوانەیی مردن بەهۆی كۆرۆنا شكێنرا و 12 هەزار و 243 كەس تەنیا لە یەك رۆژدا مردن.

بەگوێرەی worldometers  لە دنیادا سەرووی 62 ملیۆن كەس تووشی كۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش نزیكەی ملیۆنیك و 450 هەزار كەس گیانیان لە دەست داوە و نزیكەی 43 ملیۆن كەسیش چاك بوونەتەوە.

چارتەكە هێشتا رووی لە هەڵكشانە و بەرەو خوارەوە خۆی كووڕ نەكردووەتەوە.
كاتیك سەیری ئاماری رۆژانەی تووشبوون بە كۆرۆنا لە دنیادا دەكەین، بۆمان دەردەكەوێت چارتەكە هێشتا رووی لە هەڵكشانە و بەرەو خوارەوە خۆی كووڕ نەكردووەتەوە.

بۆ نموونە تەنیا دوێنی هەینی 613 هەزار كەس لە دنیادا تووشی كۆرۆنا بوون. ژمارەی پێوانەیی تووشبوون بە كۆرۆنا لە 13ی ئەم مانگە تۆمار كرا و لەو رۆژەدا 662 هەزار كەس تووشی كۆرۆنا بوون. ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا هێشتا زۆر بەرزن، بۆیەش ژمارەكە تا بەرزتر بێت دەبێت چاوەڕوانی قوربانیی زیاتر بكەین.

لە ماوەی سێ رۆژدا سەرووی 36 هەزار كەس لە دنیادا بە كۆرۆنا مردوون.
لە ئاماری رۆژانەی مردن بە كۆرۆنا دۆخەكە زۆر خراپترە و تەنیا لە ماوەی سێ رۆژدا سەرووی 36 هەزار كەس لە دنیادا بە كۆرۆنا مردوون. بەرزترین ژمارەی مردن بە كۆرۆنا 25ی ئەم مانگە تۆمار كرا كە بە هۆیەوە 12 هەزار و 243 كەس بە نەخۆشییەكە مردن.

ئاماری مردن بە هۆی كۆرۆنا بۆ ماوەی چەندان مانگ لە نێوان چوار تا شەش هەزار حاڵەت لە یەك رۆژدا بوون، بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگەوە ئامارەكان بە خێرایی هەڵكشاون و رۆژ نییە زیاتر لە 10 هەزار كەس بە كۆرۆنا نەمرن.

پێشتر زانایان و پسپۆڕانی تەندروستی لە ئەگەری زیادبوونی ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا و قوربانیانی ئەم نەخۆشییە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما هۆشدارییان دابوو، چەند مانگی داهاتووش زۆر سەخت دەبێت و دۆخەكە ئەوە دەخوازێت رێوشوێنەكان بەرانبەر ئەو نەخۆشییە مەترسیدارە توندوتۆڵتر بكرێن.

لەم وڵاتە 271 هەزار كەس گیانیان لە دەست داوە
بەپێی ئامارەكانی دنیا ئەمەریكا بە یەكەم وڵات دێت كە زۆرترین قوربانی و تووشبووی كۆرۆنای هەبووە. لەم وڵاتە سەرووی 13 ملیۆن كەس تووشی كۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش 271 هەزار كەس گیانیان لە دەست داوە و نزیكەی هەشت ملیۆن كەسیش چاك بوونەتەوە.

هیندستان لە ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا لە ریزبەندی دووەمدا دێت، بەڵام لە ژمارەی قوربانیان بەڕازیل ریزبەندی دووەمی هەیە. لە هیندستان نۆ ملیۆن و 351 هەزار كەس تووشی كۆرۆنا بوون و 136 هەزار كەسیش گیانیان لە دەست داوە. لە بەڕازیل سەرووی شەش ملیۆن كەس تووشی كۆرۆنا بوون و 171 هەزار كەسیش گیانیان لە دەست داوە.

رووسیا، فڕەنسا، ئیسپانیا و بەریتانیا لە پلەكانی دواتردا دین. ئێران لە ریزبەندی 15ی وڵاتان هەڵكەوتووە و 922 هەزار كەس لەم وڵاتە تووشی كۆرۆنا بوون و سەرووی 47 هەزار كەسیش مردوون.

عێراق لە ریزبەندی 21ی وڵاتان هەڵكەوتووە و 547 هەزار كەس لەم وڵاتە تووشی كۆرۆنا بوون
عێراق لە ریزبەندی 21ی وڵاتان هەڵكەوتووە و 547 هەزار كەس لەم وڵاتە تووشی كۆرۆنا بوون و 12 هەزار و 167 كەس گیانیان لە دەست داوە و 476 هەزار كەسیش چاك بوونەتەوە.

لە هەرێمی كوردستانیش دۆخەكە هەرچەندە لەمدواییانە باشتر بووە، بەڵام هێشتا رۆژانە لە نێوان 20 تا 30 كەس بە كۆرۆنا دەمرن و بە سەدان كەسیش تووشی ڤایرۆسەكە دەبن.

لە هەریمی كوردستان، 95 هەزار و 638 كەس تووشی كۆرۆنا بوون
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەریمی كوردستان، 95 هەزار و 638 كەس تووشی كۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش 59 هەزار كەس چاك بوونەتەوە و سێ هەزار و 104 كەس گیانیان لە دەست داوە.

ئەوەی مایەی دڵخۆشییە بریتییە لەو هەواڵانەی لەسەر بەرهەمهێنان و سەركەوتنی كۆمەڵێك پێكوتە بڵاو دەكرێنەوە.

لە دوو هەفتەی رابردوو كۆمپانیاكانی فایزەر-بایۆن تیك و مۆدیرنا و ئاسترازانكا سەركەوتنیان لە بەرهەمهینانی پیكوتەكە راگەیاند و پێشبینی دەكرێت لە نیوەی دووەمی مانگی داهاتووەوە دەست بە لێدانی پێكوتەكە لە ئەمەریكا و ئەوروپا بكرێت.

وڵاتان لە كڕین و دابینكردنی پێكوتەكە بۆ هاووڵاتییانیان لە كێبەركێدان و لەم رۆژانە ئەوە بڵاو بووەوە عێراقیش 10 ملیۆن پێكوتەی كڕیوە، بەڵام دیار نییە كەی و چۆن دەگەن.

هەر كاتێك گەیشت هەرێمی كوردستان پشكی خۆی وەردەگرێت.
دكتۆر ئاسۆ حەوێزی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" ئاماژەی دا، ئەو پێكوتانە بەشی هەرێمی كوردستانیشی تێدایە و هەر كاتێك گەیشت هەرێمی كوردستان پشكی خۆی وەردەگرێت.

ئەو رەتی دەكاتەوە لەم زستانەدا پێكوتەكە بگات، چونكە تا بەرهەمهێنانی پێكوتەكان و گەیشتنیان كە پێویستی بە كۆمەڵێك رێوشوێن هەیە، چەند مانگیك دەخایەنێت.

كەوایە تا گەیشتنی پێكوتەكان و تەنانەت دوای گەیشتنی پێكوتەكانیش پێویست دەكات خەڵك لە رێنوێنییەكانی خۆپارێزی بەردەوام بن و ئەگەر پێكوتەكەش بگات، ئەوا بەشی هەموو دانیشتووانی هەریم ناكات و لە دابەشكردنیاندا رەچاوی ئەولەویەتی تەمەن و پیشەكان دەكرێت.



وشە - سلێمان تاشان