موحسین فه‌خریزاده به باوكی ئه‌تۆمی ئێران ناسرابوو و ئه‌فسه‌رێكی باڵای سوپای پاسداران بوو كه ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم له‌باره‌یه‌وه نووسیبووی، به‌بێ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و ناتوانی له پڕۆگرامی ئه‌تۆمی ئێران تێبگه‌ی و تره‌مپیش كوشتنی به گورزێكی ده‌روونی گه‌وره بۆ ئێران وه‌سف ده‌كات.
رۆڵی سه‌ره‌كی لە پڕۆگرامه مووشه‌كی و ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران هەبوو
.
ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی له نزیك تاران هێرش كرایه سه‌ر موحسین فه‌خریزاده كه یه‌كێك له گرنگترین زاناكانی پڕۆگرامی ئه‌تۆمی ئێران بوو، له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا ده‌ستڕێژی لێ كرا، دوای ئه‌وه‌ی گه‌یه‌نرا نه‌خۆشخانه، گیانی له ده‌ست دا، هاوكات چه‌ند كه‌سێكی تر له‌و هێرشه‌دا كوژران.
شه‌وی هه‌ینی 27ی تشرینی دووه‌م وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئێران له راگه‌یه‌نراوێكدا هه‌واڵی كوژرانی ئه‌و زانا ئه‌تۆمییه‌ی ئێرانی پشتڕاست كرده‌وه، فه‌خریزاده خۆی سه‌رۆكی ده‌زگای لێكۆڵینه‌وه و ته‌كنه‌لۆجیای وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئێران بوو.
ناوی لەناو لیستی رەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تۆمار کرابوو
.
له
راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگریی كۆماری ئیسلامی‌دا ئاماژه درابوو، رۆژی هه‌ینی كۆمه‌ڵێك چه‌كدار هێرشیان كرده سه‌ر ئۆتۆمبێلی موحسین فه‌خریزاده، له‌و هێرشه‌دا پێكدادان له نێوان پاسه‌وانه‌كانی فه‌خریزاده و هێرشبه‌ران رووی دا و موحسین فه‌خریزاده به قورسی بریندار بوو و گوازرایه‌وه نه‌خۆشخانه، به‌ڵام دوای هه‌وڵێكی زۆر، پزیشكه‌كان نه‌یانتوانی گیانی ئه‌و زانا ئه‌تۆمییه رزگار بكه‌ن و مرد.
وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئێران هیچ لێدوانێكی له‌باره‌ی بكه‌رانی هێرشه‌كه نه‌داوه و ته‌نیا به هه‌وڵێكی "ناجوامێرانه" ناوی هێناوه، ئه‌وه له كاتێكدایه هه‌ندێك له ده‌زگاكانی تری كۆماری ئیسلامیی ئێران راسته‌وخۆ ئیسرائیلیان به ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشه تاوانبار كردووه.
ساڵی 2006 لای خامنەیی سکاڵای لە سەرۆک کۆماری ئێران کردبوو
.
ئاژانسی هه‌واڵی ته‌سنیم بڵاوی كردووه‌ته‌وه، هێرشه‌كه سه‌عات دوو و 30 خوله‌كی دوای نیوه‌ڕۆی هه‌ینی ئه‌نجام دراوه، ئه‌و ئاژانسه كه سه‌ر به ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانه نووسیویه‌تی، سه‌ره‌تا پیكهبێكی جۆری نیسان له فولكه‌ی خه‌لیجی فارسی شارۆكه‌ی ئابسه‌رد له‌كاتی تێپه‌ڕینی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی موحسین فه‌خریزاده، ته‌قیوه‌ته‌وه و دواتر چه‌كداره‌كان ته‌قه له ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ده‌كه‌ن.
زیاتر روون كراوه‌ته‌وه، یه‌ك له پاسه‌وانه‌كان چوار فیشه‌كی به‌ركه‌وتووه و فهخریزادهش به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه و به‌ركه‌وتنی چه‌ند فیشه‌كێك، دوای ئه‌وه‌ی به كۆپته‌ر ده‌یگوازنه‌وه نه‌خۆشخانه، گیانی له ده‌ست ده‌دات.
ئاژانسی هه‌واڵی فارسنیوزی سه‌ر به سوپای پاسدارانیش نووسیویه‌تی، شایه‌تحاڵه‌كان سه‌ره‌تا ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یان بیستووه و دواتر بینیویانه چه‌ند چه‌كدارێك ده‌ستڕێژیان له ئۆتۆمبێلی فه‌خریزاده كردووه، سه‌رچاوه‌یه‌كیش له نه‌خۆشخانه‌ی ئابسه‌رد به‌و ئاژانسه‌ی راگه‌یاندووه، دوو ته‌رم له ته‌نیشت ته‌رمه‌كه‌ی موحسین فه‌خریزاده دانراون كه هه‌ردووكیان شه‌ڵاڵی خوێن بوون.
بۆ یه‌كه‌مجار ساڵی 2004 رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بڕیارێكی له دژی پڕۆگرامی ئه‌تۆمی ئێران ده‌ركرد و كۆمه‌ڵێك گه‌مارۆی خسته سه‌ر ئه‌و وڵاته، له راپۆرتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا موحسین فه‌خریزاده‌ی وه‌ك كه‌سی سه‌ره‌كی پڕۆگرامه مووشه‌كی و ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران ناوی هاتبوو.
ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له ساڵی 2007 فه‌خریزاده‌ی وه‌ك "گه‌وره زانای وه‌زاره‌تی به‌رگری و پشتیوانی هێزه چه‌كداره‌كان و سه‌رۆكی پێشووی ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیزیا PHRC خسته ناو لیستی ره‌شه‌وه، هه‌رچه‌ند دوای رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یه‌ك له ساڵی 2015 ناوی له لیسته‌كه هێنرایه ده‌ره‌وه، به‌ڵام له‌ناو لیستی ره‌شی ئه‌مه‌ریكا ناوی وه‌ك خۆی مایه‌وه.
ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆمی له راپۆرتێكدا وه‌ك كه‌سێك كه له بواری ته‌قه‌مه‌نی و ته‌كنه‌لۆجیای كڵاوه‌ی مووشه‌كی چالاكی هه‌بووه، ناوی هێنابوو و ئاماژه‌ی به‌وه‌یش دابوو، به‌بێ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ فه‌خریزاده ناتوانی له ره‌هه‌نده جۆراوجۆره‌كانی پڕۆگرامی ئه‌تۆمی ئێران تێبگه‌ی.
دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل فه‌خریزاده‌ی به یه‌ك له داڕێژه‌رانی سه‌ره‌كی پڕۆگرامی ئه‌تۆمی ئێران ناو برد و له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رای گه‌یاند، هه‌مووتان ناوی موحسین فهخریزادهتان له‌بیر بێت.
محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌رانبه‌ر كوژرانی فه‌خریزاده له تویتێكدا نووسیویه‌تی، "تیرۆریسته‌كان ئه‌مڕۆ زانایه‌كی دیاری ئێرانیان كوشت، ئه‌وه كارێكی ترسنۆكانه بوو كه به ئاشكرا رۆڵی ئیسرائیل له‌و هه‌وڵه‌دا دیاره" زه‌ریف داوای له كۆمه‌ڵگه‌ی رۆژئاوایی كرد كوژرانی فه‌خریزاده شه‌رمه‌زار بكه‌ن.
دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له به‌رانبه‌ر كوشتنی ئه‌و زانا ئه‌تۆمییه‌ی ئێران تویتی رۆژنامه‌نووسێكی ئیسرائیلی دووباره بڵاو كرده‌وه كه تێیدا ئاماژه دراوه، به‌پێی هه‌واڵه‌كانی ئێران، موحسین فه‌خریزاده له ده‌ماوه‌ندی رۆژهه‌ڵاتی تاران كوژراوه، ئه‌و سه‌رۆكی پڕۆگرامه سه‌ربازییه شاراوه‌كانی ئێران بوو و ساڵانێك بوو له‌لایه‌ن موساده‌وه شوێنپێی ههڵدهگیراوه، كوشتنی زه‌برێكی گه‌وره‌ی ده‌روونی و پیشه‌یی بوو بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران.
له ساڵانی 2009 و 2011 چوار زانای ئێرانی كه له‌ناو پڕۆگرامی ئه‌تۆمی ئه‌و وڵاته رۆڵی سه‌ره‌كییان ده‌گێڕا، له‌ناو تاران كوژران، ئه‌و زانایانه بریتی بوون له مه‌سعوود عه‌لی محه‌مه‌دی، مه‌جید شه‌هریاری، داریوش رهزایینهژاد و فه‌ره‌یدوون عه‌باسی. له‌ناویاندا ته‌نیا فه‌ره‌یدوون دوای برینداربوونی توانرا له نه‌خۆشخانه گیانی رزگار بكرێت.
موحسین فه‌خریزاده ئه‌فسه‌رێكی باڵای سوپای پاسداران بوو و ناوی له‌ناو لیستی ره‌شی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش و ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا بوو، فه‌خریزاده وه‌ك كه‌سێكی گرنگ له به‌ره‌وپێشبردنی پڕۆگرامی مووشه‌كی و ئه‌تۆمی ئێران ناو براوه و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان نووسیویه‌تی، له ساڵی 2001ه‌وه تا كاتی كوژرانی له‌و بواره‌دا رۆڵ و كاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌بووه.
رۆژنامه‌ی واڵستریت جۆرناڵ له ساڵی 2012 فه‌خریزاده‌ی وه‌ك پیاوه ئاڵۆزه‌كه‌ی پڕۆگرامی ئه‌تۆمی ئێران ناو بردبوو و له زاری به‌رپرسێكی ئه‌مه‌ریكاوه ئاماژه‌ی دابوو، ساڵی 2006 به‌هۆی ئه‌وه‌ی رێ‌یان پێ نه‌دابوو كار له‌سه‌ر دروستكردنی چه‌كی ناوكی بكات، لای عه‌لی خامنه‌یی سكاڵای له حكوومه‌تی ئێران كردبوو.