ڕۆژ به ڕۆژ توندوتیژی دژی ژنان له شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ڕوو له زیادبوون ده‌كات، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی چه‌ندان ده‌زگا و ڕێكخراوی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ژنانیش بوونیان هه‌یه، پارێزه‌رێك له ڕووی یاساییه‌وه هۆكاری زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان باس ده‌كات.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 28ی تشرینی دووه‌م، تابلۆ محه‌مه‌د پارێزه‌ر له لێدوانێكدا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی توندوتیژی دژی ژنان زیادی كردووه له هه‌رێمی كوردستان، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك ئه‌گه‌ر ئێمه بێین ئاماژه به توندوتیژی بكه‌ین و ئاماره‌كان وه‌ربگرین به شێوه‌یه‌كی دروست ئه‌وه ده‌بینین، له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌دا توندوتیژی نه‌ك به ته‌نیا دژی ژنان، به‌ڵكو به‌رانبه‌ر هه‌موو كایه‌كانی كۆمه‌ڵگه ڕێژه‌كه‌ی له هه‌ڵچوونێكی به‌رده‌وامدایه كه خۆی له خۆیدا مه‌ترسییه‌كی گه‌وره دروست ده‌كات له‌سه‌ر ژیانی هه‌مووان له داهاتوودا."
زیاتر گوتی، "هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه به ڕێژه‌ی یه‌كه‌م بۆ كۆمه‌ڵگه كه له سه‌ره‌تاوه تاكی له‌و جۆره و پڕ له توندوتیژی دروست كردووه، هه‌روه‌ها نه‌بوونی هۆشیاری یاسایی و په‌روه‌رده‌یی پێویست، كه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و تاكه‌ی كه له‌لایه‌ن خێزانه‌كانیانه‌وه گرنگی به په‌روه‌رده‌ی نه‌دراوه، كه‌سانێكی پله یه‌كه‌من بۆ ئه‌نجامدانی توندوتیژی، تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش ڕۆڵی خۆیان بینیوه له زیاتر بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م دیاردانه، هه‌روه‌ها هۆكاری كۆتایی ئاسان ده‌سكه‌وتنی (چه‌ك)ه كه ئێسته له زۆربه‌ی ماڵان‌دا بێ بوونی هیچ هۆكارێكی دروست به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا ده‌بینرێت."
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی تاوانباران سزا نادرێن یان سزاكان سووكن كه بوونه‌ته هۆی زیادبوونی توندوتیژی به‌رابنه‌ر ڕه‌گه‌زی مێ، ئاماژه‌ی دا كه له یاسادا هه‌موو تاوانبارێك له به‌رانبه‌ر ئه‌و تاوانه‌ی ئه‌نجامی داوه سزا ده‌درێت، به‌و واتایه‌ی كه ئێمه شتێكمان نییه به ناوی سزانه‌دانی تاوانباران، به‌ڵام جۆری سزاكان به‌پێی جۆر و شوێن و كات و ڕه‌گه‌ز و ته‌مه‌ن و هۆكار و ئه‌و كه‌ره‌سته‌یه‌ی كه تاوانه‌كه‌ی پێ ئه‌نجام دراوه ده‌گۆڕێت، هه‌ر بۆ نموونه ئه‌گه‌ر نه‌وجه‌وانێك و كه‌سێكی پێگه‌یشتوو هه‌ردووكیان له‌سه‌ر هه‌مان تاوان گیرابن، ئه‌وه سزای نه‌وجه‌وانه‌كه كه‌متره وه‌ك له كه‌سه پێگه‌یشتووه‌كه، چونكه به‌وه داده‌نرێت كه (كه‌سێكه ئه‌هلییه‌ی كامل نییه) واته به ته‌واوی پێ نه‌گه‌یشتووه.
ئه‌و پارێزه‌ره له‌سه‌ر ڕۆڵی سوڵحی كۆمه‌ڵایه‌تی خراپن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی خێزانی یان ڕۆڵێكی باش ده‌گێڕن ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، "ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی له كۆنه‌وه بوونی هه‌بووه و به‌رده‌وامیش بوونی ده‌بێت، پێویسته سه‌ره‌تا ئه‌و بۆچوونه له‌لای هاووڵاتییان ڕاست بكه‌ینه‌وه كه تا ئێسته ڕوون نییه لایان ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه بۆ هه‌ندێك بابه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانی یاسا خۆی ڕێی به ئه‌نجامدانی ئاشته‌وایی (صلح) كردووه، هه‌روه‌ها له یاسای بنه‌ما دادگه‌رییه سزاییه‌كانی ژماره 23 ساڵی 1971دا، له به‌شی پێنجه‌م و له ماده‌كانی (194، 195، 196، 197، 198) ئاماژه به ئاشته‌وایی دراوه ته‌نیا بۆ ئه‌و تاوانانه‌ی كه له‌و مادانه‌دا ئاماژه‌ی پێ دراوه، دوای قبووڵكردنی له‌لایه‌ن هه‌ردوو لاوه به‌رز ده‌كرێته‌وه بۆ دادگا و دواتر له لایه‌ن دادگاوه بڕیاڕی كۆتایی له‌سه‌ر ده‌درێت.
ئاشكرای كرد، "ناتوانین ئێمه بڕیار بده‌ین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ڕۆڵیان باشه یان خراپ، چونكه زۆر كات كۆبوونه‌وه‌ی ئاشته‌وایی كه ده‌بێته هۆی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دوو لایه‌نه‌كه، هۆكاره بۆ سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌ی گه‌وره‌تر له نێوانیان، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ركه‌وتن دروست ده‌بێت، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا بووه‌ته هۆكاری چاره‌سه‌ربوونی زۆر كێشه و گرفتی تر له نێوان لایه‌نه‌كاندا."
بۆچی دادگاكان به چه‌ندان دانیشتن بۆ ماوه‌ی زیاتر له ساڵێكیش كێشه‌ی توندوتیژییه‌ك یه‌كلا ناكه‌نه‌وه ڕای گه‌یاند، "هۆكاره‌كانی زۆر زۆره، به‌ڵام سه‌ره‌تا ده‌توانین بڵێین كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زۆری ڕێژه‌ی ئه‌و داوایانه‌ی كه له دادگاكان بوونیان هه‌یه به جۆرێك كه دادوه‌ره‌كان ناتوانن به‌شێوه‌یه‌كی خێرا هه‌مووی ببینن، هه‌روه‌ها بوونی كه‌مته‌رخه‌می لایه‌نه‌كان له ئاماده‌بوون و نه‌بوونی به‌ڵگه و شایه‌تی پێویست، له هه‌مان كاتدا هۆكارن بۆ دواكه‌وتنی دادبینییهكان، پره‌نسیپی كاركردن ئێسته لاوازه و پێویستی به وزه‌یه‌كی زیاتر و باشتر هه‌یه به هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێسته هه‌رێمه‌كه‌ی پیادا تێده‌په‌ڕێت، ده‌ره‌نجامی ئه‌و هه‌موو بایكۆت و كه‌ره‌نتینه‌ی كه له‌م ساڵانه‌ی كۆتاییدا ڕوویان داوه."
به‌پێی ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی توندوتیژی دژ به ژنان له هه‌رێمی كوردستان، له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه تا ئێسته له شار و ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به ده‌یان حاڵه‌تی ده‌ستدرێژیی سێكسیی كراوه‌ته سه‌ر ژنان و چه‌ندان حاڵه‌تی كوشتن و خۆكوشتنی ژنانیش تۆمار كراوه.