باڵوێزخانەكانی ئیسرائیل لە تەواوی دنیا كەوتنە ئامادەباشی

:: PM:03:44:28/11/2020 ‌
لە ترسی هێرش بۆ سەر دیپلۆماتكارانیان، باڵوێزخانەكانی ئیسرائیل لە تەواوی وڵاتانی دنیا كەوتنە ئامادەباشییەوە.

رۆیتەرز  لە زاری میدیایەكی ئیسرائیل ئەو زانیارییەی ئاشكرا كردووە، هەرچەندە بەرپرسانی تەناهی و وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لەم رووەوە هیچ بەیاننامەیەكیان بڵاو نەكردووەتەوە.

ئەو ئامادەباشییە دوای ئەوە دێت كە رۆژی هەینی لە ناوجەرگەی تاران گەورە زانایەكی ئەتۆمی ئێران  و كۆمەڵێك لە یاریدەدەر و پاسەوانەكانی كوژران و گومان دەكرێ ئیسرائیل لە پشتەوەی ئەو هێرشانە بێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتبار كردووە

وەزیری دەرەوەی ئێران ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتبار كردووە و ئیسرائیلیش نە رەتی كردووەتەوە و نە باسی لەوەش كردووە هێرشەكە لە لایەن ئەو ئەنجام درابێت.

بەگوێرەی بی بی سی، ئیسرائیل پێشتریش رۆڵی هەبووە لە كوشتنی زانا ئەتۆمییەكانی ئێران و تەنانەت كەسی سێیەمی رێكخراوی قاعیدەش لە تاران لە لایەن هەواڵگری ئیسرائیلەوە كوژرا.

خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران داوای تۆڵەسەندنەوەی كردووە، بۆیەش باڵوێزخانەكانی ئیسرائیل خۆیان توندوتۆڵ كردووە تا بەرپەرچی هەر هێرشێك بدەنەوە.


وشە - سلێمان تاشان