پێنجوێن و شارباژێڕ.. پەكەكە كێشەی بۆ پاسەوانانی سنوور دروست كردووە

:: PM:10:53:28/11/2020 ‌

بەرپرسێكی پاسەوانی سنوور لە سنووری پارێزگای سلێمانی باس لەوە دەكا لە پێنجوێنەوە تا تەواوی ناوچە سنوورییەكانی شارباژێڕ، چەكدارانی پەكەكە كێشەیان بۆ دروست دەكەن، بەهۆی ئەوەی رێگە بە هاتوچۆی قاچاخی دەدەن، ئەوەیش لە بەرانبەر وەرگرتنی بڕێك پارە و چەندانجار رووبەڕووی یەكتر وەستاون و نزیك بوون لە شەڕ.
گوێیان لێ نییە هەر شتێك بێ رێگەی پێ دەدەن بچێتە ئێران
ئەو بەرپرسەی پاسەوانی سنوور كە پێی باش نەبوو ناوی بهێنرێت، بە "وشە"ی راگەیاند، لە پێنجوێن و شارباژێڕ، كە دوو ناوچەی سنوورین و چەكدارانی پەكەكەیان تیادایە، رۆژانە بەهۆی ئەوانەوە تووشی كێشە دەبینەوە، چونكە ئەوان رێگە بە هاوردە و ناردنی كاری قاچاخی دەدەن و گوێیان لێ نییە هەر شتێك بێ رێگەی پێ دەدەن بچێتە ناو ئێران و بە پێچەوانەیشەوە لە ئێرانەوە بهێنرێتە سنووری هەرێم.

زیاتر گوتی، ئەوان بەهیچ شتێك واز ناهێنن و لەپێناو وەرگرتنی پارەی گومرگی خۆیان ئەو كارە دەكەن و زۆرترین قاچاخیش ئاژەڵ و مەڕ و بزنە كە دێتە ناو سنووری هەرێم، هەروەها سەلاجە و تەلەڤزیۆن و ئامێرەكانی تریش كە لە هەرێمەوە بۆ ئێران رێگەی پێ دەدەن.

ئەو بەرپرسە روونی كردەوە، هەندێكجار رێگە لەو قاچاخییە نادەین و دەستی بەسەردا دەگرین، زۆرجاریش لەگەڵ پەكەكە دەكەوینە كێشەوە، تەنانەت چەندانجار تووشی گرژی بووین و بەرانبەر بە یەك بە چەكەوە وەستاوین و نزیكبووین لە رووبەڕووبوونەوەی چەكداری.

لای خۆیەوە كامەران حەسەن، قایمقامی شارۆكەی ماوەت بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوە ئاشكرایە كە چەكدارانی پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی ئەو سنوورەدا بوونیان هەیە، لە ناوچەی سفرە و گەڵاڵە بوونیان هەیە، كاری قاچاخی هەیە و دەكرێت، بەتایبەتی ئاژەڵ، بەڵام بە رێژە كەمبووەتەوە بەهۆی ئەوەی ئێران سنوورەكانی توند كردووە.

زیاتر گوتی، پێش ریفراندۆم بە ئازادی قاچاخی دەهات و دەرۆیشت، بۆ نموونە لێرەوە بە ئازادی قاچاخ دەڕۆیشت و لە بازگەكانی گومرگ تێدەپەڕی و گومرگ دەكران، كە دەگەیشتە سنوورەكان، لەوێوە دەبرایە ئێران، ئێستە بەوشێوەیە نەماوە و قاچاخی كەمبووەتەوە.

قایمقامی شارۆكەی ماوەت دووپاتی كردەوە، وەك ئیدارە هەرچیمان لەدەست بێ دەیكەین، بەڵام بابەتەكە زیاتر سیاسی و تەناهییە، بۆیە وەك ئیدارە كەمتر دەستوەردان دەكەین.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل