پێداچوونەوە بە موڵكوماڵەكانی وەزارەتی ئەوقاف دەكرێت

:: PM:06:26:20/02/2017 ‌
وەزارەتی ئەوقافی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، موڵكوماڵەكانی جارێكی تر هەژمار دەكاتەوە و بڕیار درا كە پێداچوونەوی ورد بە گرێبەستەكانیدا بكرێت، بە تایبەتی ئەو موڵكانەی كە بە نرخێكی كەم بەكرێ دراون یان پڕۆژەی بازرگانیان لەسەر دروست كراوە.

ئەمڕۆ دووشەم لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی كۆبوونەوەی گشتیی نێوان بەڕێوەبەرایەتییەكان بەڕێوە چوو، سەرەتای كۆبوونەوەكە بەڕێوەبەری موڵكەكانی وەزارەت راپۆرتی سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی خوێندەوە.

لەو كۆبوونەوەیە بە وردی تیشك خرایە سەر كێشە و گرفتی موڵكەكانی ئەوقاف، هەروەها گرفتی سەرجەم موڵكەكانی ئەوقاف لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان باس كرا و بڕیار درا كە پێداچوونەوی ورد بە گرێبەستەكاندا بكرێت، بە تایبەتی ئەو موڵكانەی كە بە نرخێكی كەم بەكرێ دراون یان پڕۆژەی بازرگانیان لەسەر دروست كراوە، هەروەها چارەسەركردنی ئەو زیادەڕۆییانەی كراونەتە سەر موڵكەكانی ئەوقاف لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان و گەڕاندنەوەیان لە ڕێگەی ڕێكارە یاساییەكان و دادگاكان و داواكاری گشتییەوە.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا كۆمەڵێك داواكاری نایاسایی بەكرێدان و بازرگانیكردن بە موڵكەكانی وەزارەت رەت كرانەوە و بڕیاری پێداچوونەوەی زیاتری موڵكەكانی وەزارەت درا، بە شێوەیەك كە بگونجێ لەگەڵ بازاڕی ئێستەی كوردستان، هەروەها بڕیار درا كە واژووكردنی هەر گرێبەستێكی تازەی وەزارەت خاڵێك زیاد بكرێت كە وەزارەت مافی پێداچوونەوەی بە هەر گرێبەستێكی هەیە و لەكاتی نوێكردنەوەی گرێبەستیش و لیژنەیەكی پسپۆری تایبەتمەند گرێبەستەكان نوێ بكاتەوە.

وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خاوەن موڵك و زەوییەكی زۆری تایبەت بەخۆییەتی، بەڵام لە ماوەی پێشوو بە نرخێكی ڕەمزی بە كرێ دراون و لە ئێستەدا وەزارەتی ئەوقاف بڕیاری داوە پێداچوونەوە بە موڵكوماڵەكانی بكات.


وشە - رامیار جەواد