وەزارەتی نەوتی عێراق رای گەیاند كە یاداشتێكی لێكگەیشتنیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی ئێران واژوو كردووە بۆ لێكۆڵینەوە لەبارەی هەناردنی نەوتی كەركووك لە رێگەی خاكی ئێرانەوە.
بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی نەوتی عێراق كە ئەمڕۆ دووشەم دەرچووە، جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ بێژەن زەنگەنەی هاوتا ئێرانییەكەی لە بەغدا واژوویان لەسەر یاداشتێكی لێكگەیشتن كردووە كە پێكهێنانی چەند لیژنەیەكی هاوبەش بۆ یەكلاكردنەوەی چەند فایلێكی گرنگ، لەوانە فایلی كێڵگە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات و سوود لێوەرگرتنیان.
هەروەها یاداشتەكە پێكهێنانی لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لە راكێشانی لوولەیەكی گواستنەوەی نەوتی خاوی عێراق لە كێڵگەكانی كەركووكەوە بە خاكی ئێرانەوە، بێجگە لە پێكهێنانی لیژنەیەكیش بۆ گواستنەوەی نەوتی خاوی عێراق لە بەسڕەوە بەرەو عەبادان.
هەروەها یاداشتەكە باسی بەردەوامیی هاریكاری لە بواری گەیشتنی غازی ئێرانی بۆ وێستگەكانی كارەبای عێراق و بانگهێشتنی كۆمپانیاكانی ئێران بۆ بەشداریكردنی لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە كەرتەكانی نەوت و غاز و بەشداریكردنیان لە ئاوەدانكردنەوەی ژێرخانی دامەزراوەكانی نەوتی و غازی و كارگەی پترۆكیمیایی لە بەسڕە كردووە.
لەو ناوەدا ئێران ئامادەیی بۆ تەرخانكردنی كورسی خوێندن لە شارەزایی نەوت بۆ قوتابیانی عێراق پێشان دا و جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عێراق لای خۆیەوە رای گەیاند كە وتوێژەكانیان لەگەڵ بێژەن زەنگەنەی هاوتا ئێرانییەكەی ئەرێنی بووە.
ئەمڕۆ دووشەم بێژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران بە سەردانێكی یەكڕۆژە گەیشتە بەغدا و لەگەڵ جەبار لعێبی هاوتا عێراقییەكەی كۆ بووەوە و راشی گەیاند كە یەكەم لوولەی گواستنەوەی غازی ئێران لە كرمانشانەوە بەرەو پارێزگای دیالە ئامادەیە بۆ دەست بەكاركردن.