ئاسایشی شاری كەركووك رای گەیاند كە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەم هاووڵاتییەك رفێندراوە و رفێنەرەكانیش سێ كەس بوون كە جلوبەرگی سەربازییان لەبەردا بووە.
ئەمڕۆ ئاسایشی شاری كەركووك راگەیەندراوێكیان بڵاو كردەوە كە تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ هاووڵاتییەك لە گەڕەكی رزگاری شاری كەركووك لەلایەن سێ كەسەوە كە جلوبەرگی سەربازییان لەبەردا بووە، رفێندراوە.
ئاسایشی سنوورەكە ئاشكرای كردووە كە تەمەنی هاووڵاتییەكە ٣٥ ساڵە و لە نەتەوەی عەربە و خەڵكی شارەدێی عەباسیەیە.
بەپێی راگەیەندراوەكەی ئاسایشی كەركووك، تا ئێستە هیچ كەسێك لەسەر ئەو كارە نەگیراوە، بەڵام هێزە تەناهییەكان لێكۆڵینەوەیان دەست پێ كردووە.
چەند جارێكی تریش حاڵەتی رفاندن لە شاری كەركووك بوونی هەبووە و دوای گیرانی تۆمەتباران بە شێوەیەكی جۆراوجۆر دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە.