فۆڕمی زانیاری بۆ سوودمەندانی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی پڕ دەكرێتەوە

:: PM:07:01:20/02/2017 ‌
وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بەهاوكاری لەگەڵ وەزارەتی پلان دانان و بە سەرپەرشتی بانكی نێودەوڵەتی بەنیازی توێژینەوەیەكن بۆ سوودمەندانی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی لە شارەكان دا، گوتەبێژی وەزارەتی كاریش دەڵێت لە قۆناغی یەكەم دا دەشتی هەولێر كاری لەسەر دەكرێت و لە ڕێگەی توێژەرانی كۆمەڵایەتیەوە فۆڕمی زانیاریان بۆ پڕ دەكرێتەوە كە ژمارەیان دوو هەزار خێزان دەبێت.

هەمزە مەغدید گوتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ لە دیوانی وەزارەتی كار محەمەد هاودیانی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێم پێشوازی كرد لە شاندێكی بانكی نێودەوڵەتی بۆ دانانی میكانیزمێك بۆ پۆڵێن كردنی سوودمەندانی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی بزاندرێت كێن و چەندیان مووچەیان هەیە لە حكومەتی هەرێم دا .

ڕونیشی دەكاتەوە پڕۆژەكە بانكی نێودەوڵەتی سەرپەرشتی دەكات و توێژەرانی كۆمەڵایەتی سەردانی خێزنەكان دەكەن لە شارەكان دا و فۆڕمی زانیاریان بۆ پڕ دەكەنەوە.

مه‌غدید زیاتر گوتی، لە قۆناغی یەكەم دا سوودمەندانی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی لە دەشتی هەولێر دەست نیشان كراون كە ژمارەیان دوو هەزار خێزان دەبێت و مانگانە بە بڕی 150 هەزار دینار هاوكاری دەكرێن لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە.

 ئامانجیش لە پڕۆژەكە دەست كەوتنی زانیاریە لەسەر ئەو خێزانانەی كە بەڕاستی هەژارن و پێویستیان بەو بڕە هاوكاریە هەیە ئەوانی تر دوای تەواو بوونی پڕۆژەكە ناویان لە لیستی مووچەی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی دەردەهێنرێت لە شارەكان دا (هەمزە مەغدید) وای گوت.

وشە: هێمن ڕەفیق 











وشە - عه‌لی سدیق