نێچیرڤان بارزانی: خەڵكی كوردستان و پێكهاتەكانی عیراق مافی خۆیانە لە ئایندەی خۆیان دڵنیا بن

:: PM:07:05:20/02/2017 ‌
  
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، خەڵكی هەرێمی كوردستان و هەموو پێكهاتەكانی تری عیراق مافی خۆیانە لە ئایندەی خۆیان دڵنیابن و بەپێویستی زانی پلانێكی ئاشتەواییی نیشتمانی دابڕێژرێت كە تا ئێستە لە بەغدا باسی لەسەر‌ نەكراوە.

ئەمڕۆ دووشەم ماڵپەری فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردۆتەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سیناتۆر ڕۆبێرت كۆركەر سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا و شاندێكی دیپلۆماسی و سەربازیی كۆبوونەوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەرەكە، شاندەكە خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان و قارەمانێتیی خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەی كوردستان دەربڕی بۆ پاراستنی ناوچەكە لە هێرش و هەڕەشەی تیرۆر و نیشتەجێكردنی ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر و بەردەوامیی هاوكارییەكانی وڵاتەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.

لەهەواڵەكەدا هاتووە، كۆركەر هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی بەرز نرخاند لە كردەوە گەلی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ و دەوروبەری و بە پێویستی زانی لە بوارەكانی دیكەشدا ئەم هەماهەنگییە هەبێت و هەرێمی كوردستان ڕۆڵی خۆی لە ئاشتیەواییەكی سەرتاسەری عیراقیدا هەبێت.

بەپێی ماڵپەرەكە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی لە قوربانیدانی خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەی كوردستان كردوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەهاناوەهاتنی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر كە بەهۆی تەنگژەی داراییەوە قورساییەكی زۆری بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست كردووە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كردوە، لە ڕووی سەربازییەوە هاوكارییەكی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، بەڵام لە بوارەكانی تردا هیچ پێشكەوتنێك نییە و ئامادەییی هەرێمی كوردستانیشی دەربڕی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ بەغدا بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ، هەروەها باسی لەوە كردوە كە‌ خەڵكی هەرێمی كوردستان و هەموو پێكهاتەكانی دیكەی عیراق مافی خۆیانە لە ئایندەی خۆیان دڵنیا بن و بۆ ئەمەش بە پێویستی زانی هاوتەریب لەگەڵ كردەوەگەلی سەربازییەكان، پلانێكی ئاشتەواییی نیشتمانیش دابڕێژرێت كە تا ئێستە لە بەغدا باسی لەسەر‌ نەكراوە.

هاوكات نێچیرڤان بارزانی پوختەیەكیشی دەربارەی ئەو تەنگژە ئابووریەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە و لێكەوتەكانی و هەنگاوەكانی چارەسەركردنی پێشكەش كرد.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم