لیژنەی هەمواری دەستووری عێراق خاڵەكانی ناكۆكی دیاری دەكات

:: PM:06:49:30/11/2020 ‌

زیاتر لە ساڵێكە لیژنەیەكی پەرلەمانی بۆ پێشنیازكردنی هەمواری چەند مادە و بڕگەیەكی دەستووری عێراق پێكهێنراوە، دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو كۆتاهاتنی كاری لیژنەكە هاتە راگەیاندن، ئەوان ئاماژەیان كرد كە سێ خاڵی ناكۆك لە كاری لیژنەكە هەبووە و چەندان هەموواریان یەكلا كردووەتەوە. 
مادەی 140 لەناو پەرلەمان یەكلا دەكرێتەوە
یۆنادەم كنا، ئەندامی لیژنەكە گوتی، لیژنەكە زۆر هەموواری دەستووری یەكلا كلادووەتەوە، لەوانە تایبەت بە دووبارە داڕشتنەوەی كۆنترۆڵكردنی زمان و هەڵوەشاندنەوەی لێكدانەوەی مادەكان بە زیاتر لە شێوازێك، بەڵام تا ئێستە هەندێك مادە لەناو لیژنەكە ناكۆكی لەسەر هەیە.

زیاتر گوتی، خاڵەكانی ناكۆكی بریتین لە سروشتی سیستمی سیاسی عێراق و دەسەڵاتەكانی فیدراڵی هی تایبەت و بە هاوبەشی، هەروەها لێكدانەوەی مادەی 140 و سروشتی چارەسەركردنی، روونی كردەوە، هۆكاری ناكۆكییەكان مەرجەعیەتە سیاسییەكانن نەوەك یاسایی لەناو لیژنەكەدا. 

هەفتەی رابردوو د بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق داوای كۆتاهێنان بە كاری لیژنەی پێشنیازی هەمواری دەستووری عێراق كرد، ئەو لە نووسراوێكی فەرمیدا ئاراستەی لیژنەكەی كرد بۆ كۆتاییهێنان بە كارەكاتنی بەو پێیەی زیاتر لە ساڵێك بەسەر دامەزراندنی تێپەڕیوە، كە لە 3ی تشرینی دووەم 2019 بە مەبەستی پێشنیازكردنی هەموواری دەستوور هاتە پێكهێنان.

پێنجشەمی رابردوو لیژنەكە كۆتاهێنانی كارەكانی راگەیاند و دووپاتی كردەوە كە راپۆرتی خۆی ئامادە كردووە و لە دانیشتنەكانی پەرلەمان دەیخاتە روو، مادەی 140یش خاڵی سەرەكیی ناكۆكییەكانە و لەناو پەرلەمان یەكلا دەكرێتەوە.
 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل