وەزارەتێكی حكوومەت لەسەر سیستەمی كەناڵە ناوخۆییەكان هاتەدەنگ

:: PM:07:50:20/02/2017 ‌
وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەدواداچون بۆ پرسی راگرتنی رسیڤەری پەخشی كەناڵە ناوخۆییەكان لە دەوروبەری هەولێر و گرانبونی نرخی خزمەتگوزاریەكان دەكات.

بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وێنەیەكی بۆ"وشە" نێردراوە تیایدا هاتووە، ئەمرۆ دووشەم مولود مراد، وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ نوێنەری كۆمپانیای میكس میدیا كۆبۆتەوە بەمەبەستی بەدواداچون و گفتوگۆكردن لەسەر كێشەی نرخ و راگرتنی رسیڤەری پەخشی كەناڵە ناوخۆییەكان .

بەپێی راگەیەنراوەكە، وەزیری گواستنەوەو گەیاندن رەخنەی هاووڵاتیانی ئاڕاستەی نوێنەرانی كۆمپانیاكە كردوە و رای گەیاندووە، دەبێت بارودۆخی هاووڵاتیان و دۆخی ئێستەی تەنگژەی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگیرێت و هەوڵ بدرێت نرخەكان لەگەڵ تواناو داهاتی دۆخی دارایی ئێستەی هاووڵاتیان دا بگونجێت.

بەگوێرەی راگەیەنراوەكە ئەو وەزیری حكوومەت دەڵێت، مافی هیچ كەسێك و كۆمپانیایەك نیە خزمەتگوزاریەكی لەو شێوەیە قۆرخ بكات و بریاری راگرتن و داخستنی كەناڵەكان لەسەر هاووڵاتیان بدات.


وەك لەراگەیەنراوەكەدا هاتووە، نوێنەرانی كۆمپانیاكە وتویانە كە هیچ ڕێگری و دژایەتیكیان بۆ هیچ كەس و كۆمپانیایەك نەكردوە و هەر كەس ئازادە ئەو كارەی ئەوان بكات.

ئێستە پرسی گەرمی نێو هاووڵاتیان بوونی سیستەمی نوێ‌ كەناڵە ناوخۆیەكانە كەلەلایەن كۆمپانیای ماكس میدیا جێبەجێ‌ دەكرێت و ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بریاری راگرتنی ئەو كارەیانداوە تا تەواو روون دەكرێتەوە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم