لە توێكاری جەستەی مردووان بە كۆرۆنا چی دۆزرایەوە؟

:: PM:09:12:02/12/2020 ‌

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دنیا بۆ ساڵێك دەچێ و ژمارەی قوربانیانی لەزیادبووندان، ئەگەرچی بەردەستبوونی ڤاكسینی پارێزەر دژ بەو ڤایرۆسە چەند رۆژیكی ماوە، بەڵام چارەسەری هێشتا نەدۆزراوەتەوە، توێژینەوەیەك لەبارەی توێكاریی جەستەی مردووان بە كۆرۆنا شتێكی مەترسیدار ئاشكرا دەكات.
هەندێك جۆر ڤایرۆس توانای دزەكردنیان بۆ مێشك هەیە
توێژینەوەیەك كە 33 توێكاری مردووانی بە كۆرۆنا گرتەوە، گەیشتە ئەو ئەنجامەی بە بوونی شوێنەواری بوونی ڤایرۆسەكە لە مێشكدا، وەك لە راپۆرتێكی گۆڤاری "نێچەر نۆڕۆساینس" هاتووە، توێژینەوەكە ئاماژەی كرد ئەو شوێنەوارەی بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە مێشك، رەنگە لە لووتی نەخۆشانەوە هاتبێت، راپۆرتەكە روونی كردەوە، ئەوە بابەتێكی مەترسیدارە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بگاتە كۆئەندامی دەماری مرۆڤ.

تیمی توێژینەوەكە ئاماژە دەكەن كە بەشی سەرەوەی ناوپۆشی لووتی مرۆڤ كە بە قورگی لووت دەناسرێت، لە یەكەمین شوێنەكانی تووشبوونە بەو ڤایرۆسە و رەنگە خاڵی لاوازی سیستمی بەرگری مرۆڤ بێت، بەپێی راپۆرتەكە مێشكی مرۆڤ بە بەرگێكەوە جیا كراوەتەوە كە لە ژەهر و هۆكاری نەخۆشی دەیپارێزێت، بەڵام هەندێك لە ڤایرۆسەكان توانای دزەكردنیان لەو بەربەستە هەیە، كە بۆ بەدبەختی پێ دەچێ ڤایرۆسی كۆرۆنا یەكێك بێ لەو ڤایرۆسانە.

زانایان پێیان وایە ئەو بابەتە هۆكاری چەندان كێشەی هەستە دەماری پێوەست بە كۆرۆنا بێت، لەوانەیش لەدەستدانی هەستەكانی بۆنكردن و چەژتن و سەرئێشە و سەرسوڕان و هیڵنج و ماندووبوون، بەپێی راپۆرتەكە هەندێك توێژینەوە ئاماژەیان كردووە، ئەو پڕۆتینەی لە بەرگی دەرەوەی ڤایرۆسەكەدا هەیە، هەوكردنی خانەكانی بەربەستی مێشك زیاتر دەكا و بەوەیش دزە دەكەنە مێشك. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل