ئاژانسه‌كانى نێوده‌وڵه‌تى و رێكخراوه‌كانى لۆكاڵى، سه‌رنج له‌سه‌ر كه‌مینه و پێكهاته‌كانى ئاینى و نه‌ته‌وه‌یى له هه‌رێمى كوردستان چڕتر ده‌كه‌نه‌وه، چالاكانى مه‌ده‌نى دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، له دواى هێرشه‌كانى داعش و به ئامانجگرتنى كه‌مینه‌كان، چیتر كه‌مینه‌كان زیاتر بوونه‌ته جێگه بایه‌خى ئاژانسه‌كانى نێوده‌وڵه‌تی و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا پاڵپشتى مایه‌كى له پڕۆژه‌ى رێكخراوه ناوخۆیییه‌كان ده‌كه‌ن.
كه‌مینه‌كان له ژێر مه‌ترسیى سڕینه‌وه‌دا
رێكخراوى تیرۆریستى داعش له حوزه‌یرانى 2014ه‌وه په‌لامارى پارێزگاكانى مووسڵ، سه‌ڵاحه‌دین و ئه‌نباری دا و ئه‌و پارێزگایانه و چه‌ند شارۆكه‌ى سنوورى كارگێڕیى پارێزگاى دهۆك، هه‌ولێر، كه‌ركووك و دیاله له‌لایه‌ن چه‌كدارانیانه‌وه داگیر كران و دواتر به‌شێكى زۆریان ئازاد كرانه‌وه.
"داعش پێكهاته‌كانى كرده ئامانج، ئه‌وه مه‌ترسییه‌كى راسته‌قینه‌یه له‌سه‌ر ته‌واوى چاره‌نووسى پێكهاته و كه‌مینه‌كان له عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا، ئه‌و مه‌ترسییه له سه‌ره‌تاى گرتنى عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانى، له‌سه‌ر ده‌ستى گرووپه توندڕۆ و تیرۆریسته‌كان ده‌ستى پێ كرد و له‌گه‌ڵ هێرش و داگیركارییه‌كانى داعش به لووتكه‌ى خۆى گه‌یشت"، ستیڤان شانى چالاكى مه‌ده‌نى و به ئاین مه‌سیحى واى گوت.
شانى پێى وایه، "جیاوازییه‌كى بنه‌ڕه‌تى له نێوان بارودۆخى پێكهاته‌كان له عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یه، بارودۆخى سیاسیى عێراق له‌باره بۆ سڕینه‌وه‌ى كه‌مینه‌كان له‌سه‌ر ده‌ستى گرووپه توندڕۆكان، له كاتێكدا هه‌رێمى كوردستان له‌و رووه‌وه پارێزراوتره، هه‌ر ئه‌وه‌ش وای كرد كه‌مینه‌كان هه‌ر له دواى 2003ه‌وه ورده ورده له ناوه‌ڕاست و باكوری عێراقه‌وه روو له كوردستان بكه‌ن و تێیدا بمێننه‌وه، ئه‌وه جگه له سه‌تان هه‌زاریان كه بۆ ئه‌وروپا كۆچیان كرد".
ئه‌و چالاكه مه‌ده‌نییه‌ى مه‌سیحییه‌كان زیاتر ده‌ڵێ، "ئێسته كاتى هاتووه كه‌مینه‌كانى عێراق داواى پارێزبه‌ندییه‌كى نێوده‌وڵه‌تى بكه‌ن، بارودۆخه‌كه به‌و شێوه‌یه به‌رده‌وام بێت، هیچ كه‌مینه‌یه‌ك به‌تایبه‌ت مه‌سیحییه‌كان له عێراق نامێننه‌وه، مه‌سیحییه‌كانى ده‌شتى نه‌ینه‌وا یان له پاڵ كوردستان یان ناوچه‌یه‌كى ئارامیان به گه‌ره‌نتى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه ده‌وێت".
دۆسیه‌ى كه‌مینه‌كان له ده‌ست ئاژانسه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا
له‌و دوو ساڵه‌ى رابردوودا به‌تایبه‌ت زۆربه‌ى ئه‌و پڕۆژه رێكخراوه‌یییانه‌ى له‌لایه‌ن ئاژانسه‌كانى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه پاڵپشتى دارایی كراون، به‌شێوه‌ى راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندییان به ماف و چاره‌نووسى پێكهاته و كه‌مینه‌كانه‌وه هه‌یه.
ئه‌حلام ئیبراهیم به‌رپرسى سه‌نته‌رى ئافره‌تانى توركمان له كوردستان بۆ "وشه"ى روون ده‌كاته‌وه، "ئیتر ده‌بێت ئاژانسه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و رێكخراوه‌كانى لۆكاڵى له‌و راستییه تێبگه‌ن كه كه‌مینه‌كانى عێراق له مه‌ترسیدان، ره‌نگه بارودۆخه‌كه بۆ كوردستان جیاواز بێت، به‌ڵام ئه‌و مه‌ترسییه گه‌وره و راسته‌قینه‌یه‌ى له‌سه‌ر كه‌مینه‌كان له پارێزگاكانى عێراقدا هه‌یه، دواجار هه‌رێمى كوردستانیش ده‌گرێته‌وه، به‌و مانایه‌ى مه‌ترسییه گه‌وره‌كه ترس و دڵه‌ڕاوكێ له‌سه‌ر ئاستى كه‌مینه‌كانى كوردستانیش دروست ده‌كات".
ئه‌و چالاكه مه‌ده‌نییه‌ى توركمان دووپاتی ده‌كاته‌وه، "ئێسته ئاژانسه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی و رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى له كوردستاندا، زیاتر له حزبه سیاسییه‌كانى سه‌ربه پێكهاته‌كان به‌رگرى له ماف و به‌رژه‌وه‌ندى پێكهاته‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌ته‌واوه‌تى گرنگ و شیاوى پێزانینه، بگره ئه‌و پشتیوانییه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى، هاوكار ده‌بێت له‌وه‌ى نوێنه‌رانى سیاسى پێكهاته‌كان بتوانن پێداگیرى له‌سه‌ر مافى پێكهاته‌كان بكه‌ن له ناوه‌نده‌كانى دروستكردنى بڕیاردا".
ئه‌و پێى وایه، "كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ى پێوه‌ست به كه‌مینه‌كان له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێن، به‌شێك له پڕۆژه‌كان به‌ته‌واوه‌تى گرنگن و بۆ ئێسته و داهاتوو جێگه‌ى خۆیان ده‌گرن، به‌ڵام پڕۆژه‌یش هه‌یه به‌باشى كارى له‌سه‌ر ناكرێت، ئه‌وه‌ش بۆ رێكخراوه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌دڵنیایییه‌وه چه‌ند چالاكانى مه‌ده‌نى سه‌ربه پێكهاته‌كان له داڕشتن و به‌ڕێوه‌بردن پڕۆژه‌كاندا به‌شداربن، ئه‌وه‌نده زیاتر كاریگه‌رى له‌سه‌ر ئه‌نجامى پڕۆژه‌كه ده‌بێت".
"هه‌ندێك له رێكخراوه‌كانی مه‌ده‌نی سه‌ربه پێكهاته‌كان ره‌خنه‌ى ئه‌وه‌یان هه‌یه كه له‌لایه‌ن ئاژانسه‌كانه‌وه وه‌ك پێویست هاوئاهه‌نگیان له‌گه‌ڵ ناكرێت، ئه‌وه راستیی تێدایه، به‌شێك له هۆكاره‌كه‌ى بۆ ئه‌زموونى نوێى كارى رێكخراوه‌یى له ئاستى كه‌مینه‌كان و به‌شێكیشی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه رێكخراوه‌كانى سه‌ربه كه‌مینه‌كان نه‌یانتوانیوه تۆڕێكی تایبه‌ت به خۆیان دروست بكه‌ن كه له‌و رێگه‌یه‌وه بتوانن زیاتر ئاماده‌یى خۆیان بسه‌لمێنن" ئه‌حلام وای گوت.
له دابینكردنى نانه‌وه بۆ دڵنیایى و پاراستنى ته‌ناهى
به‌هۆى هێرشه‌كانى داعشه‌وه به ملیۆن له دانیشتووانى مووسڵ، سه‌ڵاحه‌دین، ئه‌نبار و.. هتد، ئاواره‌ى هه‌رێمى كوردستان و پارێزگاكانى تر‌ى عێراق بوون. ئاژانسه‌كانى نێوده‌وڵه‌تى و رێكخراوه‌كانى لۆكاڵى له پله‌ى یه‌كه‌مدا سه‌رنجه‌كانیان له‌سه‌ر دابینكردنى پێداویستییه سه‌ره‌تایییه‌كانى ژیان بۆ ئاواره‌كان چڕ كردووه‌ته‌وه.
وه‌ك ئه‌حلام ده‌ڵێ، "به‌و هۆیه‌وه كه ئاواره‌كان به‌گشتى و له‌ناویشیاندا كه‌مینه‌كان له دۆخى ئاواره‌ییدان، سه‌رنجى زیاتر له‌سه‌ر دابینكردنى پێداویستییه‌كانى وه‌ك خۆراك و جلوبه‌رگ و پێویستییه سه‌ره‌تایییه‌كانى تر‌ى ژیانه، له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا به‌شێك له پڕۆژه‌كان راسته‌وخۆ پێوه‌ندییان به لایه‌نى كۆمه‌ڵایه‌تى و ماف و پرسى پێكه‌وه‌ژیان و پاراستنى كه‌مینه‌كانه‌وه هه‌یه".
ئه‌و زیاتر ده‌ڵێ، "كه‌مینه‌كان چ له كاتى ئاواره‌ییدا و چ له قۆناغى گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ زێدى خۆیان، پێویستیان به كۆمه‌كى دارایی هه‌یه، ئه‌وان كاتێك ده‌توانن بۆ ناوچه‌كانى خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه كه شوێنى نیشته‌جێبوونیان هه‌بێت، له كاتێكدا زۆربه‌ى گه‌ڕه‌ك و كۆڵان و شه‌قام و خانووه‌كان زیانیان به‌ركه‌وتووه و پێویستیان به سه‌رله‌نوێ بنیاتنانه‌وه‌یه، ئه‌وه وا ده‌خوازێت ئاژانسه‌كان جارێكى تر كار له‌سه‌ر بنیاتنانه‌وه‌ى ناوچه وێرانكراوه‌كان بكه‌ن".
چالاكه مه‌ده‌نییه‌كه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، "ئه‌وه‌ى ده‌بێت له ئێسته و داهاتوویشدا ئاژانسه‌كان و رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى كارى له‌سه‌ر بكه‌ن، دابینكردنى ته‌ناهى و دڵنیایییه بۆ پێكه‌وه‌ژیان و پێكه‌وه هه‌ڵكردنى نێوان پێكهاته‌كان، چونكه به‌بێ مسۆگه‌ركردنى بارى ته‌ناهى و دڵنیایى له‌ڕووى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، به‌دڵنیایییه‌وه هه‌ر ته‌نیا كۆتاهاتنى هێزى چه‌كدارى داعش و دروستكردنه‌وه‌ى خانووه‌كان، ژیان بۆ ئه‌و ناوچانه ناگه‌ڕێته‌وه".
پێكه‌وه‌ژیان له نێوان پێكهاته‌كانى كوردستاندا
ئه‌و پڕۆژانه‌ى پێوه‌ست به پێكه‌وه‌ژیان و مسۆگه‌ركردنى ماف و ئازادییه‌كان، ئاژانسه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و رێكخراوه‌كانى ناوخۆ پێوه‌ست به كه‌مینه‌كان ئه‌نجامى ده‌ده‌ن، لایه‌نى جیاجیا له‌خۆ ده‌گرن، به‌شێك له‌وان پێوه‌ستن به تواناسازى رۆژنامه‌نووسان له رووماڵكردنى دۆسیه‌ى كه‌مینه‌كاندا، رێكخستنى یاسایى مافى كه‌مینه‌كان، به‌هێزكردنى كه‌مینه‌كان، پێكه‌وه‌ژیان له نێوان پێكهاته‌كاندا و.. هتد.
حیسام خه‌تاب چالاكى مه‌ده‌نى به ئاین ئێزیدى، بۆ "وشه" باس له‌وه ده‌كات، "ئه‌ركى گران و راسته‌قینه‌ى ئاژانس و رێكخراوه‌كانى مه‌ده‌نى، له پاش جه‌نگى داعشه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، مه‌به‌سته‌كه ئه‌وه‌یه ئایا ده‌توانرێت جارێكى تر پێكه‌وه‌ژیان له نێوان پێكهاته‌كاندا بنیات بنرێته‌وه؟ ئه‌وه ئه‌ركێكى قورسه و كاركردنى ده‌وێت، داعش و پێشتریش گرووپه‌كانی توندڕۆ كه‌لێنى گه‌وره‌یان له متمانه‌ى پێكهاته‌كان به‌رامبه‌ر به یه‌كتر دروست كردووه، ئه‌و كه‌لێنانه فره‌وانتر ده‌بن ئه‌گه‌ر به‌رژدى كاریان له‌سه‌ر نه‌كرێت، چونكه ئه‌وه واقیعێكه كه كه‌مینه‌كان له عێراقى نوێ‌دا رووبه‌ڕووى مه‌ترسى راسته‌قینه بوونه‌ته‌وه".
خه‌تاب كه له پێش هێرشه‌كانى داعشه‌وه، له چوارچێوه‌ى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى له‌سه‌ر ئاستى عێراق و كوردستاندا كارى له پڕۆژه‌كانى پێوه‌ست به مافى كه‌مینه‌كان كردووه، ده‌ڵێ "ده‌بێت كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و ده‌سه‌ڵاتى سیاسى به‌ته‌واوه‌تى له‌و راستییه تێبگه‌ن، پرسى كه‌مینه‌كان ده‌شێت چاره‌نووسى داهاتووى عێراق و كوردستان دیارى بكات، ئه‌وه هه‌ر ته‌نیا دۆسیه‌یه‌كى مرۆیى نییه، به‌ڵكو له‌ڕووى سیاسى و ته‌ناهییه‌وه ده‌بێت به‌هاى بۆ دابنرێت".
"ده‌رفه‌تێكى باش له به‌رده‌م كوردستاندا هه‌یه كه به كرده‌نى بیسه‌لمێنێت هه‌رێمێكه بۆ پێكه‌وه‌ژیانى نێوان كه‌مینه‌كانى ئاینى و نه‌ته‌وه‌یى، ئه‌وه‌ش كاتێك روو ده‌دات پێكهاته‌كان له‌ڕووى یاسایى و سیاسییه‌وه هه‌ست به پاراستنى كه‌رامه‌ت و تایبه‌تمه‌ندێتى خۆیان بكه‌ن، ئه‌وان ده‌بێت له‌ڕووى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه دڵنیایییه‌كى ته‌واویان هه‌بێت و له‌ڕووى سیاسیشه‌وه له جومگه گرنگه‌كانى ده‌سه‌ڵاتى سیاسیی‌دا نوێنه‌رایه‌تیان هه‌بێت، ئه‌وه‌ش تایبه‌تمه‌ندییه‌كى گه‌وره به كوردستان ده‌دات له ته‌ك عێراقدا، بگره كاریگه‌رى ته‌واوى ده‌بێت له‌سه‌ر ئینتیماى كه‌مینه‌كان له ناوچه كوردستانییه‌كاندا بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان له حاڵه‌تى راپرسى و ریفراندۆمدا" خه‌تاب وای گوت.