ساكار ته‌مه‌نی ته‌نیا شه‌ش ساڵ بوو ئه‌وكاته‌ی دایك و باوكی له یه‌كتر جیا بوونه‌وه، ئه‌و كچی بچووكی خێزانه‌كه‌ی بوو، سێ خوشكه‌كه‌ی هاوسه‌رگیرییان كردبوو و ئه‌و به ته‌نیا له‌گه‌ڵ باوكی ده‌ژیا.
ئه‌و له‌گه‌ڵ باوكی له سلێمانییه‌وه روو له شاری دهۆك ده‌كات، باوكی ساكار نانه‌وایی كردووه و كچه‌كه‌شی له ماڵه خوشكێكی ماوه‌ته‌وه.
"خه‌سووی خوشكه‌كه‌م مامه‌ڵه‌ی خراپی له‌گه‌ڵ ده‌كردم، باوكم ناچار بوو وه‌ك كوڕ پرچم بتراشێت و جلی كوڕانه‌م له‌به‌ر كرد، تا له نانه‌واخانه‌دا له‌گه‌ڵ باوكم بمێنمه‌وه، سێ مانگی ته‌واو هه‌موو ژیانم له‌ناو نانه‌واخانه‌دا به‌سه‌ر برد"، ساكار ئه‌وها ژیانی خۆی ده‌گێڕێته‌وه.
دواتر باوكی ساكار، كچه‌كه‌ی ده‌باته ماڵی براكه‌ی له هه‌ولێر و خۆیشی بۆ سلێمانی ده‌گه‌ڕێته‌وه. ساكار له ماڵی مامه‌كه‌یدا ده‌مێنێته‌وه كه 12 منداڵیان هه‌یه و ئه‌و له هه‌موویان بچووكتر بووه.
"نه‌مانده‌توانی تا ماوه‌یه‌كی زیاتر له‌ناو نانهواخانهكهدا بژین، له‌به‌رئه‌وه ئه‌وێمان به‌جێ هێشت و له ماڵی مامم باشتر ده‌ژیام، به‌ڵام نه‌یانهێشت له قوتابخانه بخوێنم و كاری ماڵه‌وه‌یان پێ ده‌كردم، له ساڵێكدا یه‌كجار خوشكه‌كانم ده‌بینی، كاتێكیش ته‌مه‌نم بووه 12 ساڵ، ئیتر كه‌وتمه ناو ژیانێكی گه‌وره‌تر له خۆم"، ساكار وای گوت.
ئه‌و له‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌ی ژیانی به‌رده‌وام ده‌بێت، "رۆژێك باوكم سه‌ردانی كردین، له خۆشییان نه‌مده‌زانی چی بكه‌م، له‌دڵی خۆمدا ده‌مگوت پێی ده‌ڵێم، ئه‌م جاره له‌گه‌ڵ خۆیدا بمباته‌وه و له‌وێ خزمه‌تی ئه‌و بكه‌م باشتره، ئه‌گه‌ر به‌ته‌نیا بشمرم له‌و هه‌موو بێویژدانی و خراپییه‌ی ئێره باشتره، به‌ڵام ئه‌و خه‌یاڵانه‌م به‌تاڵ بوون، چونكه مامم به‌دوای باوكمیدا ناردبوو بۆ ئه‌وه‌ی بێت تا من له كوڕی مامه‌كه‌م ماره بكه‌ن، من زۆر منداڵ بووم و نه‌مده‌زانی چ بڵێم و چ بكه‌م، ته‌نانه‌ت به‌و ئامۆزایهمم ده‌گوت كاكه و له پڕ گوتیان ده‌بیته خێزانی، به‌هه‌مووان رازییان كردم و له دوو هه‌فته‌دا بووم به بووكی ماڵی مامم".
ئامۆزاكه‌ی كه ژیانی هاوسه‌رێتی له‌گه‌ڵ پێك هێناوه، 23 ساڵ ته‌مه‌نی له ساكار گه‌وره‌تره، خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ته و ده‌ستێكی نییه.
ساكار ده‌ڵێ، "بۆ یه‌ك جاریش هه‌ستی ئه‌وه‌م نه‌بوو كه من هاوسه‌رم هه‌یه و ده‌بێت به په‌ناگه‌ی من و قه‌ره‌بووی هه‌موو ئه‌و ناخۆشییانهم بۆ ده‌كاته‌وه كه به‌درێژایی ژیانم رووبه‌ڕووم بوونه‌ته‌وه، من له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌م ته‌نانه‌ت ژووری تایبه‌تیشمان نه‌بوو، ئه‌وه‌ی گۆڕابوو له ئامۆزاكه‌م به‌رامبه‌رم، ئه‌وه‌بوو سووكایه‌تی زیاتری پێ ده‌كردم، پێی ده‌گوتم "كچی ژنه ته‌ڵاقدراو ئێمه نه‌باین له‌سه‌ر جاده ده‌مایته‌وه"، به‌هه‌زاران قسه‌ی ناخۆش كه بۆ هه‌میشه ئازاریان له دڵم ده‌رناچێت.
ساكار به‌رده‌وام دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كه سه‌ره‌ڕای مامه‌ڵه‌ی خراپی هاوسه‌ره‌كه‌ی، له هه‌مان كاتدا خیانه‌تی لێ كردووه و داوێنپیسی كردووه، "كاتێك پێم ده‌گوته‌وه، په‌لاماری ده‌دام و ده‌یگوت ئه‌و قسانه دووباره بكه‌یته‌وه ده‌تكوژم".
ژیانی ساكار به‌و شێوه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت و پاش سێ ساڵ له هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یان، كوڕێكیان ده‌بێت، به‌ڵام ئێسته‌ش ئه‌وه له بیر ناكات كه دوو رۆژ پێش له‌دایكبوونی منداڵه‌كه‌ی، هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌پاساوی به‌شداریكردن له ئاهه‌نگی خزمێكیان جێی هێشتووه، له‌كاتێكدا ساكار ته‌مه‌نی 15 ساڵه و پێویستی به‌وه‌یه له‌كاتی له‌دایكبوونی منداڵه‌كه‌یدا هاوسه‌ره‌كه‌ی لێیه‌وه نزیك بێت.
به‌و بارودۆخه‌وه، ساكار له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی ماڵیان بۆ سلێمانی ده‌گوازنه‌وه، "چووینه ناو خانووی كچه مامێكم، ئه‌و بێوه‌ژن بوو، حه‌وت منداڵی هه‌بوو، له هه‌مان خانوودا ده‌ژیا، ئه‌ركی به‌خێوكردنی منداڵه‌كانی ئه‌ویش كه‌وته سه‌رشانم".
ساكار به هه‌موو ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی به‌رامبه‌ری ئه‌نجام دراوه، هێشتا رازی بووه له ته‌ك منداڵ و هاوسه‌ره‌كه‌یدا بمێنێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و ده‌ڵێ، "رۆژێكی ره‌مه‌زان له‌گه‌ڵ خه‌سووم چووینه بازاڕ، ده‌مویست جلی جه‌ژن بۆ كوڕه‌كه‌م بكڕم، ته‌له‌فۆنی زۆرم بۆ هاوسه‌ره‌كه‌م كرد تا ئاگه‌داری بكه‌مه‌وه له‌گه‌ڵ دایكی ده‌چینه بازاڕ، به‌ڵام وه‌ڵامی نه‌بوو، ئێواره كه گه‌ڕاینه‌وه به‌خۆی و خوشكه‌كه‌یه‌وه زۆریان لێدام تا بوورامه‌وه، كاتێك به ئاگا هاتمه‌وه، به دزییه‌وه بۆ ماڵی پوورێكم هه‌ڵاتم و ته‌له‌فۆنم بۆ باوكم كرد، ئیتر جارێكی تر بۆ ئه‌و ماڵه نه‌گه‌ڕامه‌وه".
پاش ئه‌و رووداوانه، ساكار ده‌چێته ماڵی خوشكه گه‌وره‌كه‌ی و له‌وێ ده‌مێنێته‌وه و له دادگاش داوای جیابوونه‌وه ده‌كات، "له یه‌كه‌م دادگاییكردندا جیا بوومه‌وه، له هه‌موو مافێكی خۆم له‌سه‌ر مێرده‌كه‌م خۆش بووم".
"ئه‌وكاته‌ی جیا بوومه‌وه ته‌مه‌نم 21 ساڵ بوو، ده‌ستم به ژیانێكی نوێ كرد، ماڵی خوشكه‌كه‌م زۆر هاوكارم بوون و تا ئێسته په‌نایان داوم، به‌ڵام ئێسته‌ش ماڵی مامم ناحه‌قیم به‌رامبه‌ر ده‌كه‌ن و ئاماده نین منداڵه‌كه‌م بده‌نه‌وه، له‌كاتێكدا باوكی كوڕه‌كه‌م ژنی هێناوه و ئاماده نییه كوڕه‌كه به‌خێو بكات، ئه‌و منداڵه لای نه‌نك و باپیری ماوه‌ته‌وه، ئه‌وان رێگرن له‌وه‌ی منداڵه‌كه‌م ببه‌مه‌وه، له‌كاتێكدا باوكیشی ناتوانێت بیباته‌وه".
یه‌ك مانگ دوای جیابوونه‌وه‌ی ساكار له هاوسه‌ره‌كه‌ی، مێرده‌كه‌ی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ بێوه‌ژنێك ده‌كات كه چوار منداڵی هه‌یه، ماڵی تایبه‌تی بۆ داده‌نێت و منداڵه‌كانیشی به‌خێو ده‌كات، به‌ڵام دوای سێ مانگ له‌ویش جیا ده‌بێته‌وه، دوای چه‌ند مانگێكی تر هاوسه‌رگیری ده‌كاته‌وه، ئێسته له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوسه‌ره‌یدا ده‌ژیت و دوو كوڕیان هه‌یه. كوڕه‌كه‌ی ساكاریش لای نه‌نك و باپیری ده‌ژیت، چونكه ژنه‌كه‌ی رازی نییه به‌خێوی بكات و ناشیدهنهوه به ساكار. ساكار داوای پێشكه‌شی دادگا كردووه، به‌ڵام تا ئێسته هیچ ئه‌نجامێكی نییه و له چاوه‌ڕوانیدا ده‌ژیت، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت "ته‌نیا ئاواتم ئه‌وه‌یه بتوانم له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌مدا بژیم و هیچی تر".
تێبینی: له‌سه‌ر داوای خۆی، (ساكار) وه‌ك ناوێكی خوازراو له‌م راپۆرته‌دا به‌كار هاتووه.
هه‌ولێر- ئیڤان عه‌بدولڕه‌حمان