گفتوگۆی بایدن لەگەڵ ئێران.. مووشەك و میلیشیاكان پێش دۆسیەی ئەتۆمی

:: PM:05:54:03/12/2020 ‌

سێشەمی رابردوو جۆ بایدن، سەرۆكی نوێی ئەمەریكا چەند ئاماژەیەكی سەبارەت بە ئێران راگەیاند، ئەوان دەری دەخەن مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسییەی ئەتۆمی ئێران بەو ئاسانییە نابێ وەك ئەوەی ئێرانییەكان دەیخوازن، لەوكاتەی پێویستە ئیدارەی بایدن رەچاوی بەرژەوەندیی هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا بكات و هێرشی سەر دامەزراوەی نەوتی سعوودی پێش ساڵێك، ببێتە خاڵی دەستپێكی هەر گفتوگۆیەك لەگەڵ تاران، بۆ ناچاركردنی مسۆگەریی ئاسایشی هاتوچۆی دەریاوانی و گواستنەوەی نەوت لەو ناوچە گرنگەی دنیا.
سەختە هەر ئیدارەیەكی ئەمەریكی دوور لە بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بكات
بایدن بە رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی گوت، رەتی دەكەینەوە ئێران ببێ بە خاوەن بۆمبی ئەتۆمی و دوایین شت كە بمانەوێ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕبێ لە چەكی ئەتۆمی، روونی كردەوە، ئیدارەكەی و بە راوێژكردن لەگەڵ هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا، كۆتوبەندی ئەتۆمی لەسەر ئێران توند دەكات و رووبەڕووی پڕۆگرامە مووشەكییەكەی دەبێتەوە.

بایدن گفتوگۆی ئەمەریكای لەگەڵ ئێران لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی و پڕۆگرامە مووشەكییەكەی بە راوێژكردن لەگەڵ هاوپەیمانەكانی وڵاتەكەی بەستەوە، ئەوەیش مانای ئەوەیە سەرۆكی نوێی ئەمەریكا مسۆگەركردنی بەرژەوەندی و ئاسایشی هاوپەیمانەكانی دەكاتە پێشمەرج بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران، مەبەست لەو هاوبەشانە تەنیا ئەوروپییەكان نییە، بەڵكو هەریەك لە ئیسرائیل و سعوودیە و ئیماراتیش دەبن.

چاودێران پێیان وایە بایدن ئەو هەڵانە چاك دەكاتەوە كە ستراتیجیەتی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا لەبارەی گفتوگۆكردن لەگەڵ ئێران لەخۆی گرتبوو، ستراتیجیەتی نوێی بایدن هەوڵدان دەبێ بۆ سازشكردنی ئێران پێوەست بە دۆسیەی ئەتۆمی و ئاسایشی ناوچەكەوە، ئەوەیش مانای گوشاركردنە لەبارەی پڕۆگرامی مووشەكی و شارەزایانی سەربازی ئێران لە ناوچەكە و میلیشیاكانی كە رەنگە ئاسایشی ئیسرائیل و كەنداو بخەنە مەترسییەوە. 

مەترسیی پڕۆگرامی مووشەكی ئێران تەنیا مەترسییەكی سعوودیە و ئیمارات نییە، بەڵكو زیاتر گرنگی بۆ ئیسرائیل هەیە، بەتایبەتی دوای زیادبوونی خۆپڕچەككردنی هێزەكانی ئێران و میلیشیاكانی لە سووریا و لبنان، بەوەیش مەترسییەكە بۆ سەر سنوورەكانی ئیسرائیل دەگوازنەوە، بۆیە شتێكی سەختە بۆ هەر ئیدارەیەكی ئەمەریكی بتوانێ دوور لە رەچاوكردنی بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل مامەڵە لەگەڵ ئێران بكات، ئەو كارەی وڵاتانی كەنداویش سوودی لێ دەبینن، بەتایبەتی لە سایەی ئەو لێكنزیكبوونەوەی دواییان لەگەڵ ئیسرائیل كە ئیمارات و بەحرێنی گرتەوە و ئەگەری هەیە سعوودیەیش بگرێتەوە، رەنگە ئەوە ببێتە هۆی دروستبوونی هاوپەیمانیەتێكی عەرەبی ئیسرائیلی دژ بە ئێران. 

لەوناوەدا رۆن دێرمەر، باڵوێزی ئیسرائیل لە ئەمەریكا كە یەكێكە لە راوێژكارە نزیكەكانی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، گوتارێكی ئاراستەی ئیدارەی بایدن كرد بەوەی لەگەڵ هاوپەیمانەكانتان لە ناوچەكە دابنیشن و گوێیان بۆ بگرن، چونكە ئێمە زیاتر كاریگەرین بەو یارییە و شتمان هەیە لەدەستی بدەین، بۆیە قسە لەگەڵ ئێمەدا بكەن و هەوڵبدەن هەڵوێستێكی هاوبەشمان هەبێ و هەر ئەوەیشە پێم وایە روودەدات، نەك تەنیا پێوەست بە دۆسیەی ئەتۆمی، بەڵكو پێوەست بە كارە دۆژمنكارەكانی ئێران لە ناوچەكەدا.

فرەوانخوازییەكانی ئێران تەنیا هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی ناوچەكە دروست ناكات، بەڵكو بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و سەربازانی لە كەنداو دەكەونە مەودای مووشەكەكانی ئێران و هێرشی میلیشیاكانی وەك ئەوەی عێراق، كە مووشەكبارانكردنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا بووەتە ئاسایی، بۆیە پێویستە هێرشی بەر لە ساڵێكی حوسییەكانی یەمەن بۆ سەر دامەزراوەی نەوتی سعوودیە ببێتە خاڵی دەستپێكی هەر گفتوگۆیەكی ئێرانی ئەمەریكی نەوەك دۆسیەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە، ئیدارەی بایدن بیر لە توانای مووشەكی ئێران بكاتەوە كە توانای كردنەئامانی كەنداوی هەیە و هەزاران سەربازی ئەمەریكیش لە سعوودیە و وڵاتانی تری كەنداو هەن.

بۆیە بوونی ئەو مووشەكانەی ئێران بەدەستی حوسییەكان و میلیشیاكانی تر، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی وزە لە ناوچەكە و توانای وڵاتانی كەنداو بۆ فرۆشتنی بەشی خۆیان لە نەوت لە بازاڕەكاندا، هەروەها دەكرێ هەڕەشە بۆ سەر هاتوچۆی دەریاوانی لە دەریای عەرەب و دەریای سووریش دروست بكات، لەوكاتەی تا ئێستە ئیدارەكانی ئەمەریكا بە نەرمی مامەڵەیان لەگەڵ ئەو پرسەدا كردووە، ئەویەش دەبێتە هاندەرێك بۆ ئێران بۆ سەپاندنی مەرجەكانی بە رێگرتن لە هاتوچۆی دەریاوانی لە گەرووی هورمز و كردنەئامانجی كەشتییەكانی نەوت لەوێ. 

ئیلی لیك، نووسەر لە گفتوگۆیەك لەگەڵ ئاژانسی "بلومبێرگ"، وای دەبینێ هەوڵەكانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی مەترسییەكی مان و نەمانە بۆ ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداو، چونكە بابەتەكە پێوەست نییە بە هێرشی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتانە، بەڵكو بابەتەكە ئەوەیە ناتوانرێ رێگری لە هەڵسوكەوتەكانی ئێران بكرێ بۆ نانەوەی پشێوی و ناسەقامگیری و پاڵپشتیكردنی تیرۆریستان و چەكداریكردنی گرووپە یاخییەكان و بنیاتنانی جبەخانەیەكی مووشەكی دوورمەودا، هەموو ئەوانە ئەگەر ببێتە خاوەن بۆمبی ئەتۆمی.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل