توێژینەوەیەك: توانای منداڵ بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا سنووردارە

:: PM:06:24:03/12/2020 ‌

سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتە ساڵێك و تا ئێستە چارەسەری بنبڕی بۆ نەدۆزراوەتەوە، لەوكاتەی بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا دەست بە بەكارهێنانی ڤاكسینی خۆپارێزی دژ بەو ڤایرۆسە بكرێت، توێژینەوەیەك چەند زانیارییەكی دڵنیاكەرەوە لەبارەی تووشبوونی منداڵ بە كۆرۆنا ئاشكرا دەكات.
47%ی منداڵانی تووشبوو بە كۆرۆنا نیشانەیان لەسەر دەرنەكەوتووە
وەك ماڵپەڕی "مەرسای نیوز"، بڵاوی كردەوە كە توێژینەوەیەكی نوێی ئیسپانی لە نەخۆشخانەی فال دیبرۆن لە شاری بەرشەلۆنە ئەنجام دراوە و دەری خستووە كە تەنیا 8%ی منداڵان پەتای كۆرۆنا بۆ خێزانەكانیان دەگوازنەوە، بۆیە توانای ئەوان بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەكە زۆر سنووردارە، بەوەیش ئەو تەمەنە دەتوانێ زیاتر سوود لە سووككردنی رێوشوێنە تەندروستییەكان ببینێت.

بەڕێوەبەری بەشی نەخۆشییە پەتاییەكان لە منداڵان لەو نەخۆشخانەیە وای دەبینێ توێژینەوەكە دووپاتی دەكاتەوە توانای گواستنەوەی ڤایرۆسەكە لە منداڵان كەمە، ئەوەیش لەناو بوونی مشتومڕێكی بەردەوام لەبارەی گەیشتن بە شێوازێكی سەلامەت بۆ بەردەوامبوونی خوێندن، هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی مەترسی تووشبوون بە كۆرۆنا كە تا ئێستە زیاتر لە 65 ملیۆن تووشبوو و ملیۆنێك و 500 هەزار مردن هەیە.

بەپێی توێژینەوەكە 47%ی منداڵانی تووشبوو بە كۆرۆنا نیشانەیان لەسەر دەرنەكەوتووە، ئەوانەیشی لەسەریان دەركەوتووە 70.6%یان تایان هەبووە و 24.5% سەرئێشە و 24.3% بێتاقەتی و 16.3% سكچوون، بەڵام زۆر كەم بەو هۆیەوە دەچنە نەخۆشخانە بۆ چارەسەركردن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل