ئەو زانیاریانەی لەبارەی ناوكی مرۆڤەوە نایزانیت

:: PM:07:04:03/12/2020 ‌

هەندێك كەس ناوكێكی قووڵیان هەیە و هەشیانە دەرپەڕیوە بۆ دەرەوە، زۆرینەمان وا دەزانین هۆكاری ئەو جیاوازییە بەهۆی شێوازی بڕینی پزیشكەكانە بۆ ناوكە پەتك لەكاتی لەدایكبوونی كۆرپەلەدا، راستییەكەی ئەوە هەڵەیە و مانای ئەوەیە زانیاری تەواومان لەسەر تاكە نیشانەی بەستنەوەمان بە دایكمانەوە نییە.
شێوە و قەبارەی ناوك پشت بە چۆنیەتی سارێژبوونی سك دەبەستێت
چەند زانیاریەك هەن كە نایزانین، ئەوەی زانراوە كۆرپەلە بە ویڵاشی ناو منداڵدانی دایكییەوە لە رێگەی ناوكە پەتكەوە بەستراوەتەوە، بۆیە ئەو بەپرسە لە گەیاندنی خۆراك و ئۆكسجین لە دایكەوە بۆ كۆرپەلەكەی، لەكاتی لەدایكبوونیش پزیشك ئەو پەتكە دەبڕێ و لەدوای خۆی شوێنێك جێ دێڵێ كە بریتییە لە ناوك، بەڵام شێوە و قەبارەی ناوكەكە بەتەواوەتی پشت بە چۆنیەتی سارێژبوونی سك دوای كەوتنی ناوكە پەتكە زیادەكە دەبەستێت.   

90%ی خەڵك ناوكێكی قووڵبوو بۆ ژوورەوەیان هەیە، بەڵام ئەگەر ناوكت بۆ دەرەوە دەرپەڕیوە، رەنگە بەهۆی روودانی فتقێكی سادەی  ناوك یان هەوكردنێكی سووكی بێت لە دوای كەوتنی بەشی زیادەی پەتكەكەوە.

لە 2011 توێژینەوەیەك لە ویلایەتی كارۆلاینای ئەمەریكی كرا لەبارەی میكڕۆبەكانی لە ناوكدا دەژین، دەركەوت ناوك شوێنی ژیانی جۆرەها بەكتریایە و ئەوان 2368 جۆر بەكتریایان تیادا دۆزیەوە.

ناوەك بە جگەرەوە بەستراوەتەوە، بەوپێیەی كۆرپەلە خۆراك و ئۆكسجینی لە دایك وەرگرتووە و پاشەڕۆ و دووەم ئۆكسیدی كاربۆنی پێ داوە، بۆیە ئەوكات لە رێگەی ناوكەوە بە دەمارەكانی خوێن و جگەر و میزڵدانەوە بەستراوەتەوە، بەڵام دوای لەدایكبوون وەك بەشی دەرەوەی ناوك، بەشی ژوورەوەیشی وشك دەبێ و دەبێتە جۆرێك بەستەری رەق، لەوانە بەستەرێكی شێوە داسی كە جگەر دەكاتە دوو لەپەوە و بەیەكەوەیان دەبەستێتەوە. 

مووی كەلەكەبووی ناوك وەك مادەی مۆمی گوێ و نێوان پەنجەی پێكان تەلیسمێكی لەشی مرۆڤە، كارل كروسزیلنیكی، زانای ئوسترالی لەو بارەوە دەڵێت، زیاتر كەسانی بەتەمەن و قەڵەو و سكی موودار تووشی دەبن، كاتێك بەهۆی جووڵانەوە مووی سكیان ریشاڵەكانی جلوبەرگ لوول دەدەن لە ناوكی كۆ دەكەنەوە، بۆیە لەكاتی لابردنی مووی سك رەنگە روونەدات.

لەوكاتەی هەموو شیردەرەكان كە منداڵدانیان هەیە، ناوكیان لە سكدا هەیە، بەڵام سەیرە كەسانێك ناوكیان نییە، هاوكات هەندێك منداڵ كێشەیان لە ناوكیان هەیە وەك فتق یان شەقبوونی سكماكیی سك، كاتێك ریخۆڵەكان لە خاڵێكی لاوازی سكی منداڵ دێنە دەرەوە و دەكرێ بە نەشتەرگەری چارەسەر بكرێت.

ناوك هاوڕێی پزیشكانی نەشتەرگەرییە و ئەوان ناوبین لە رێگەی ناوكەوە رەوانەی ناو لەش دەكەن.               



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل