گۆرانیبێژى لاو "هەردی سەلامی" بڕیاره له ئایندهیهكى نزیكدا کلیپێکی نوێ بەناوی کۆڤید-20 بڵاو بکاتەوە و گۆرانییەکەیشی بە ڤایرۆس وەسف دەکات.
هەردی سەلامی لە تۆڕى كۆمهڵایهتى له ئینستاگرامی تایبهتى خۆی لهبارهى بهرههمه نوێیهكهیهوه نووسیویەتی، "دەبێت پێتان ڕابگەیەنم كە لەم مانگەدا كۆڤیدێكی نوێ (كۆڤید 20) بڵاو دەبێتەوە و پێشبینی دەكرێت كە زۆر خێرا تەشەنە بكات و بگاتە زۆرترین كەس".
ڕوونى كردووهتهوه، "كۆڤیدی 20 لە ڕێی گوێچكە و بیستنەوە دەگوازرێتەوە بۆ كەسانی تر، وادەكات لێدانی دڵت خێراتر بێت، وادەكات بێ ئەوەی بەخۆت بزانیت خەندەیەك بە ڕووخسارتەوە دیار بێت، وادەكات بتەوێت بجوڵێیت، زیاتر لەكاتی ئاسایی."
ئاماژەی دواه، "بۆ خۆپاراستن لە كۆڤیدی 20 بیر لە هیچ ڕێیەك مەكەنەوە، چونكە هەر پێتان دەگات، سەبارەت بە ڤاكسینەكەیشی، دوای ماوەیەك هەر خۆم پێشكەشتانی دەكەم."
هەردی سەلامی، لە ساڵی 1987 لە سلێمانی لەدایكبووە، دەرچووی بەشی شانۆیە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان، سەرەتا وەك دەرهێنەر کاریکردووە و ماوەیەکە دەستی بە گۆرانی گوتن کردووە، چەندان گۆرانی و ڤیدیۆ کلیپی هەیە، یهكێكه له ناودارترین گۆرانیبێژه لاوهكانى ئێسته.