بڕیاره ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری
تورکیا هەفتەی داهاتوو سەردانی باكۆى پایتەختی ئازەربایجان بکات و خۆى وه‌ك سوڵتانه عوسمانییه‌كان نیشان بدات و به‌شدارى ئاهەنگی سەرکەوتن بکات.
ئه‌مڕۆ هه‌ینى چوارى كانوونى یه‌كه‌م، سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا له ڕاگه‌یاندراوێكدا ڕایان گەیاندووە، "ڕۆژی چوارشه‌م نۆى كانوونى یه‌كه‌مى داهاتوو، سەرۆک کۆماری تورکیا دەچێتە ئازەربایجان و بەشداری لە ڕِێوڕەسمێکی تایبه‌تى سەربازیی به‌بۆنه‌ى سەرکەوتنی ئازەربایجان ده‌كات، به‌هۆى کۆنترۆڵکردنی هەرێمی ناگۆرنۆ - قەرەباخ."
ئاماژه كراوه، لەو سەردانەدا سەرۆکی تورکیا لەگەڵ سەرۆکی ئازەربایجان تاوتوێی پرسە هەرێمی و پێوەندییە ئابوورى و سیاسییه‌كانى دوولایەنه ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها دامەزراندنی ژوورێكى فراوانى چاودێری لەگەڵ ڕووسیا بۆ چاودێریکردنی ئاگربەست.
ئه‌مه‌یش دواى ئه‌وه دێت كه لە ماوەی ڕابردوودا ئەنكەرە پاڵپشتی تەواوی سه‌ربازى و دارایى خۆی بۆ باکۆ دەربڕی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئەرمینیا.
لاى خۆیه‌وه ئیمیلی هۆسۆرن، شڕۆڤەكاری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفه‌ریقیا لە سەنتەری ستراتفۆڕی ئەمەریكا بۆ توێژینەوەی جیۆسیاسی و ستراتیجی ئاشكراى كردووه، چوونى ئه‌ردۆغان بۆ ئازه‌ربایجان ته‌نیا نمایشێكى سوڵتانییه و ناردنى نامه‌یه‌كه بۆ ڕووسیا و ئه‌وروپا. هه‌روه‌ها درێژه‌دانه به‌و ململانێیەی ھەیە لە بارەی سامانی غازی سرووشتی لە ڕۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست له‌لایه‌ن توركیاوه.
ململانێی نێوان ئازه‌ربایجان و ئه‌رمینیا له‌سه‌ر ناوچه‌ی كاراباخ بوو، كه به‌گوێره‌ی ددانپێدانانی نێوده‌وڵه‌تی به‌شێكه له خاكی ئازه‌ربایجان، به‌ڵام ئه‌رمینیا بۆ چه‌ندان ساڵه داگیری كردبوو و ئێسته به هاوكاری توركیا ئه‌و ناوچانه وه‌رگرته‌وه. ڕۆژی 10ی تشرینی دووەمی 2020 بە نێوەندگیریی ڕووسیا و توركیا، ئاگربەست لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا ڕاگەیه‌ندرا.