ژمارەیەك لە بەنزینخانەكانی شاری هەولێر بەبێ پشكنین بەنزین دەفرۆشن و پابەندی رێنوێنییەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان نین، لەكاتێكدا چوار بەنزینخانەی تر بەهۆی دەرنەچوونی بەنزینەكەیان لە پشكنینەكانی وەزارەت سزای دارایی دران.
بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی لە تاقیگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رادەستی "وشە" كراون، ئەمڕۆ چوارشەم 19ی تشرینی یەكەمی 2016، هەریەك لە بەنزینخانەكانی هەركی، قەساب، شار، هێز، كاریا، ئازادی، پارك، فێنك ئۆیل، بەحركە و برادەران لەكاتی سەردانكردنی تیمەكانی پشكنینی كوالێتی بەنزین، ئامادە نەبوون پشكنین بۆ بەنزینەكەیان بكەن و لە ئێستەدا بەبێ پشكنین و لە دەرەوەی رێنوێنییەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەنزین دەفرۆشن.
وەزارەتەكە ئاشكرای كردووە، دوێنێ سێشەم 18ی تشرینی یەكەم، لەكاتی دەرچوونی تیمەكانی پشكنین سەر بە تاقیگەی ناوەندی وەزارەت، حەوت بەنزینخانەی تر ئامادە نەبوون پشكنین بۆ بەنزینەكەیان بكرێت كە لە بەنزینخانەكانی، رۆژهەڵات، مۆبیل، زەرك، رۆنووس، سومبول، بەستۆڕە و تابان شیمال پێك هاتوون و ئەو بەنزینەی بە شوفێرانی دەفرۆشن، پشكنینی بۆ نەكراوە.
لە بەرمبەردا ئەمڕۆ چوارشەم تیمەكانی پشكنین، پشكنینیان بۆ بەنزینی بەنزینخانەكانی كارێزی عەنكاوە، ئاشتی و وڵات كردووە و بەپێی ئەنجامەكان ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن لە پشكنین دەرچووە. هەروەك دوێنێ سێشەم تیمەكانی پشكنین، پشكنینیان بۆ بەنزینی بەنزینخانەكانی ئارام ئۆیل، نۆرس ئۆیل و سیار كردووە و بەهەمان شێوە لە پشكنین دەرچوون.
بەڵگەنامەكانی دەست "وشە" كەوتوون، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن هەریەك لە بەنزینخانەكانی پێشمەرگە، ئاسك و مەم كە دوێنێ پشكنین بۆ بەنزینەكەیان كراوە و بەنزینخانەی ئاشتی كە رۆژی پێشتر پشكنینی بۆ كراوە، بەهۆی خراپی كوالێتی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن سزای داراییان بەسەردا سەپێنراوە.
ئەنجامەكانی پشكنینی بەنزینی هەر بەنزینخانەیەك بۆ ماوەی 10 رۆژ كاری پێ دەكرێت و لە دوای ئەو رێكەوتەوە پێویست بە پشكنینی نوێ دەكات.