ژنانی خەلافەت لە مووسڵ نەماون

:: PM:02:35:19/10/2016 ‌

سەرچاوەیەك لەناو شاری مووسڵەوە ئاشكرای دەكات، لە ئێستەدا هیچ یەكێك لەو ژنانەی بە "ژنانی خەلافەت" ناو دەبرێن، لە مووسڵ نەماون، ئەمەش چونكە ئەبوبەكر بەغدادی رێگەی چۆڵكردنی شارەكەی پێ داون.

بە گوێرەی گوتەكانی ئەو سەرچاوەیە بۆ سۆمەرییە كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، مووسڵ چۆڵ كراوە لەو ژنانەی بە ژنانی خەلافەت ناو دەبرێن، كە بریتین لە هاوسەرەكانی سەركردە و ئەمیرەكانی داعش، ئەمەش دوای ئەوەی ئەبوبەكر بەغدادیی خەلیفەی داعش، رێگەی پێ داون ئەو شارە جێ بهێڵن و بچنە شاری رەقە لە سووریا، كە ئەو شارە وەك پایتەختی داعش هەژمار دەكرێت.

بە گوێرەی زانیارییەكان، ئامانج لە گواستنەوەی ژنانی خەلافەت لە مووسڵەوە بۆ رەقە، بریتییە لەوەی كە دوور بخرێنەوە لەوەی بكەونە دەست هێزە عێراقییەكان، لە كاتی گرتنەوەی شارەكە لەلایەن ئەو هێزانەوە.

لە 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی 60 هەزار چەكداری سوپا و پۆلیسی عێراق، شاری مووسڵ كەوتە دەست تیرۆریستان، دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر دوای دوو ساڵ و زیاتر لە چوار مانگ، هێرش بۆ رزگاركردنەوەی شارەكە و وەدەرنانی تیرۆریستان دەستی پێ كرد.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەب و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە.

سەرچاوە: سپوتنیک


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی