زانكۆی گه‌رمیان به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانی زمانی زگماكی "زمانی دایك"، كۆنفرانسێكی دوو رۆژه‌ی پێك هێناوه و كوردانی پارچه‌كانی تری كوردستانیش تیایدا به‌شداری ده‌كه‌ن.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م 21ی شوبات/فێبرایه‌ر، له هۆڵی سیمینار و كۆڕه‌كانی زانكۆی گه‌رمیانی شارۆكه‌ی كه‌لار، ناوه‌ندی یه‌كه‌ی كارگێڕیی گه‌رمیان كۆنفرانسێكی دوو رۆژه به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانی زمانی دایك ده‌ستی پێ كرد.
دارا حه‌مید، سه‌رۆكی به‌شی زمانی كوردی له كۆلیژی په‌روه‌رده‌ی زانكۆی گه‌رمیان، به "وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌مڕۆ له رۆژی جیهانی زمانی دایك، به‌پێویستمان زانی وه‌ك نه‌ریتێكی ساڵانه كۆنفراسێكی دوو رۆژه ساز بكه‌ین، بۆیه به‌دروشمی "زمانی دایك بناغه‌ی بونیادنانی كه‌سایه‌تیی سه‌ركه‌وتووه" ئه‌و رۆژه‌مان به‌رز راگرت.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، له كۆنفرانسه‌كه‌دا 10 توێژینه‌وه پێشكه‌ش ده‌كرێ كه سه‌رجه‌میان پێوه‌ستن به ئاسایشی زمانه‌وه و ئاشكرای ده‌كات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ژماره‌یه‌ك له مامۆستایانی به‌شه‌كانی تری كوردستان له زانكۆی ماردین و كوردستانی ئێران و زانكۆی سنه بانگهێشت كراون.
ئه‌حمه‌د حه‌مید، ئه‌ندامی لیژنه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی كۆنفرانسه‌كه، بۆ "وشه" دووپاتی ده‌كاته‌وه، بۆ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك 20 خوله‌ك دیاری كراوه و دواتر له سیمیناره‌كه‌دا گفتوگۆیان له‌باره‌وه ده‌كرێت.
سه‌فا مورادی مامۆستای زانكۆی سنه كه بۆ به‌شداریكردن له كۆنفرانسه‌كه له زانكۆی گه‌رمیانه به "وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی پارچه‌كانی كوردستانیان پێوه لكێنراوه جگه له كوردستانی باشوور كه ساڵانێكه ئازاد بووه، رۆڵیان هه‌بووه له لاوازكردنی زمانه‌كه‌ی، بۆیه پێویسته گرنگی زیاتر به‌و رۆژه بدرێت و ئاشنا بكرێت به هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان.
له ساڵی 1999وه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان رۆژی 21 / شوباتی وه‌ك رۆژی جیهانی زمانی دایك دیاری كردووه، له كوردستان جگه له باشوور و رۆژئاوا، پارچه‌كانی تری رۆژهه‌ڵات و باكور مافی ئه‌وه‌یان نییه به زمانی زگماكی خۆیان بخوێنن و په‌روه‌رده‌یان له‌سه‌ر زمانی داگیركه‌ر "فارس، تورك"ییه.
گه‌رمیان/ سه‌بری هۆرینی