هه‌وراز گه‌رمیانی
سه‌رباری ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ی به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابه‌زینی به‌های نه‌وت و سیاسه‌تی حكوومه‌تی ناوه‌ندی ڕووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان بوونه‌ته‌وه، له‌مدواییانه‌دا كۆنسێپتێكی گشتگیر و هه‌مه‌لایه‌نه له دژی هه‌رێمی كوردستان و حوكمڕانییه‌كه‌ی ده‌ستی پێ كردووه. له‌لایه‌ك چه‌مك و سیاسه‌تی شۆڤێنیستیانه‌ی عه‌ره‌ب (به شیعه و سوننه‌وه) بارودۆخی سه‌ختی ئابووری هه‌رێمی كوردستانیان وه‌ك هه‌لێك قۆستووه‌ته‌وه و هه‌وڵه‌كانیان چڕ كردووه‌ته‌وه، به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمیان كردووه به چه‌كێك له‌پێناو گوشار و هه‌رچی زیاتر به‌رانبه‌ر به هه‌رێم.
لایه‌كی تری ئه‌م بابه‌ته‌ش كۆمه‌ڵێك حزب و ڕێكخراو و كه‌سایه‌تی و په‌رله‌مانتاری كوردن كه له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و به فیتی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا و وڵاتانی ناوچه‌كه ده‌جووڵێنه‌وه و ته‌ور له ڕه‌گی حه‌یاتی كورد و ئه‌م هه‌رێمه ده‌ده‌ن.
بێگومان ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌م كۆنسێپته سڕینه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانه. خۆ ئه‌گه‌ر به‌م ئامانجه‌یش نه‌گه‌یشتن، هیچ نه‌بێ هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌م قۆناغه‌دا لاوازی بكه‌ن و زیاتر وابه‌سته و ناچاری عێراقی بكه‌ن.
پارتی كرێكارانی كوردستان كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دژی دروستبوونی ئه‌م قه‌واره‌یه بووه و به ئاشكرا و نهێنی هه‌وڵی تێكدانی ده‌دات، ئه‌مجاره‌یش بوو به كه‌واسووری به‌ر له‌شكر و یه‌كه‌مین قۆناغی ئه‌م كۆنسێپته‌ی ده‌ست پێ كرد.
بۆڕیی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان كه شاده‌ماری ئابووری ئه‌و وڵاته‌یه له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه ته‌قێنرایه‌وه و به دیاریكراوی له چه‌مانكێ په‌لاماری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی دا و خوێنی پێشمه‌رگه‌ی ڕشت. هاوكات چه‌ندان هه‌وڵ و پیلانی تیرۆر و هه‌ڵمه‌تی تێكده‌رانه‌یان له‌لایه‌ن ده‌زگا ته‌ناهییه‌كانی هه‌رێمه‌وه پووچه‌ڵ كرایه‌وه. به‌مشێوه‌یه گه‌لی كورد و حكوومه‌تی هه‌رێمیان ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی براكوژی كرده‌وه.
ڕێك له‌م سه‌روبه‌نده‌دا كه په‌كه‌كه شه‌ڕی به هه‌رێم ده‌فرۆشت، قۆناغی دووه‌می كۆنسێپته‌كه ده‌ستی پێ كرد كه ئه‌ویش به ده‌ركردنی یاسای قه‌رز بوو به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی و ئاماده‌بوونی كورد له‌لایه‌ن شیعه و سوننه‌وه له په‌رله‌مانی عێراق. به‌مجۆره بۆ دووه‌م جار له ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مجاره‌یان به یاسا بڕا.
له قۆناغی سێیه‌مدا هه‌ڵمه‌تی كۆكردنه‌وه‌ی واژووی په‌رله‌مانتارانی كوردی به‌ناو "گرووپی ١٥"یه بۆ به‌ستنه‌وه‌ی میلاكی فه‌رمانبه‌ر و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان ڕاسته‌وخۆ به حكوومه‌تی ناوه‌ندی له به‌غدا. به‌ده‌ر له نایاساییبوونی ئه‌م هه‌نگاوه و بێگومان ناسه‌ركه‌وتوویی، ناشیرینی و قێزه‌ونی ئه‌م دیمه‌نه‌یه كه گرووپێك له نوێنه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان كه خۆیان به به‌ره‌ی خه‌ڵك له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، ده‌بن به دارده‌ستی شۆڤێنیزمی عه‌ره‌ب و له پاڵ ئه‌واندا له دژی خه‌ڵكی كوردستان و قه‌واره‌ی هه‌رێم سه‌نگه‌ر ده‌گرن.
قۆناغی چواره‌می كۆنسێپته‌كه له ناوخۆی هه‌رێم به‌ڕێوه ده‌چێت. سه‌ره‌تا و پێش هه‌مووان په‌رله‌مانتارانی به‌ناو ئۆپۆزیسیۆن و به‌داخه‌وه به‌شێك له په‌رله‌مانتارانی ئه‌و لایه‌نانه‌ی شه‌ریكی ده‌سه‌ڵاتن و پۆست و پله و پایه‌یان له حكوومه‌تی هه‌رێمدا هه‌یه، هه‌ڵایه‌كیان له په‌رله‌مانی كوردستاندا نایه‌وه، دواتر ڕاگه‌یاندنی نابه‌رپرس و چه‌واشه‌كار وه‌ك زۆربه‌ی جاره‌كان، ئاگره‌كه‌ی خۆشتر كرد و سه‌ره‌نجام دوای ده‌ستپێكردنی خۆپێشاندان و ناڕه‌زایه‌تی له به‌شێك له شار و شارۆكه‌كانی پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه، گرووپ و تاقمی ڕیكخراو و چه‌كدار خۆیان خزانده ناو خۆپێشانده‌ران و په‌لاماری ده‌یان باره‌گای حزبی و داوده‌زگای حكوومی و پێشمه‌رگه و ئاسایشان دا و به‌داخه‌وه خوێنی پێشمه‌رگه‌یان ڕشت، گه‌نج و لاوی هاونیشتمانی ئه‌م وڵاته‌یان خه‌ڵتانی خوێن كرد، ماڵ و دوكانی خه‌ڵك و فه‌رمانگه‌ی حكوومی تاڵان كران.
خۆپێشاندان و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی مافێكی ڕه‌وا و یاسایی خه‌ڵكه. داواكردنی مووچه و خزمه‌تگوزاری له حكوومه‌تیش به‌هه‌مانشێوه ده‌چێته خانه‌ی مافی شارۆمه‌ندی و هاووڵاتیبوونه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش شێواز و نه‌ریت و بگره چوارچێوه‌ی یاسایی خۆی هه‌یه.
به سه‌رنجێكی خێرا بۆ ئه‌و ڕووداو و پێشهاتانه‌ی له ماوه‌ی دوو مانگی رابردوودا ڕوویان داوه، ده‌رده‌كه‌وێت دواكه‌وتنی مووچه و قه‌یرانی دارایی ئۆباڵه‌كه‌ی له ئه‌ستۆی حكوومه‌تی هه‌رێمدا نییه و به‌پێچه‌وانه‌وه حكوومه‌ت به‌پێی توانای خۆی ئه‌وه‌ی له ده‌ستی هاتووه كردوویه‌تی و ته‌قسیری نه‌كردووه. بۆیه شه‌قامی كوردی پێویسته وشیار بێت و ڕووی داواكارییه‌كانی ئاراسته‌ی حكوومه‌تی عێراق و ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه بكات كه له‌ناو ئه‌و یاری و كۆنسێپته‌دا ڕۆڵیان هه‌یه.
شۆڤێنیزمی عه‌ره‌ب كه چاویان به‌م هه‌رێمه و خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵكه‌كه‌ی هه‌ڵنایه‌ت، هه‌ندێك له وڵاتانی ناوچه‌كه كه له بنه‌ڕه‌ته‌وه دژی كوردن، مخابن هه‌ندێ كه‌س و لایه‌نی به‌ناو كورد كه نۆكه‌رایه‌تی و گوێڕایه‌ڵی دوژمن و داگیركه‌رانیان له شكۆی میله‌ته‌كه‌ی خۆیان لا شیرینتره، به پاساوی برایه‌تی گه‌لان دروشمی بێبنه‌مای تر له به‌رده‌م سه‌ربه‌خۆیی و ژیانی ئازاد و كه‌رامه‌تی گه‌لی كورد كۆسپیان ناوه‌ته‌وه.
ئه‌وانه‌ی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ریان به‌سه‌ر هێناین، ئه‌وانه‌ی له دژی ڕیفراندۆم وه‌ستانه‌وه و "نا"یان به سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تبوونی كوردستان گوت، هه‌ر هه‌موویان له یه‌ك به‌ره‌دا و له دژی گه‌لی كوردستان و قه‌واره‌كه‌ی ده‌جووڵێنه‌وه و ئێسته‌یش ده‌یانه‌وێ به دروستكردنی قه‌یرانی ئابووری، ته‌ناهی، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، ئامانجه گڵاوه‌كانیان مسۆگه‌ر بكه‌ن.