وادەی راپرسی لەسەر دەستووری توركیا دیاری كرا

:: PM:03:19:19/10/2016 ‌

حەیاتی یازجی جێگری سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار لە توركیا رای گەیاند كە راپرسیكردن لەسەر دەستووری نوێی وڵات بۆ گۆڕینی فەرمانڕەوایی لەو وڵاتە لە سیستمی پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی، لە نیسان/ئەپریلی 2017 بەڕێوە دەچێت. 

یازجی لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنی كەناڵی "ئێن تیڤی"ی توركیا گوتی، راپرسیكردن لەسەر سیستمی سەرۆكایەتی 12-15 بڕگەی دەستوور لەخۆ دەگرێت و پەرلەمان دەتوانێت لە كانوونی دووە/یەنایەر تاوتوێی بكات و دەتوانرێت لە نیسان/ئەپرێلی 2017 بخرێتە راپرسییەوە.

هەفتەی رابردوو بناڵی یەڵدریم سەرۆك وەزیرانی توركیا و سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان رای گەیاند كە پارتەكەیان پڕۆژەی دەستووری نوێ دەداتە پەرلەمان بۆ گۆڕینی سیستمی فەرمانڕەوایی لە توركیا بۆ سەرۆكایەتی و پەرلەمانیش دەتوانێت بە زۆرینەی 367 دەنگ پەسندی بكات یان بیخاتە راپرسی جەماوەرییەوە، ئەگەر زیاتر لە 330 پەرلەمانتار دەنگیان بۆ دا. 

پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار لە توركیا لە هەوڵی ئەوەدایە دەسەڵاتی سەرۆكی توركیا زیاتر بكات بە كردنی سیستمی فەرمانڕەوایی بۆ سەرۆكایەتی لە رێگەی گۆڕینی دەستووری توركیا، لەو كاتەی پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن بەوە رازی نین.

سەرچاوە: سپۆتنیك


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل