په‌رله‌مانتارێكی عێراق رای ده‌گه‌یه‌نێت، كازمی لاری له ناردنی 320 ملیار دینار بۆ ئه‌م مانگه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان نییه؛ راوێژكارێكی سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش دووپاتی ده‌كاته‌وه، كازمی ئاماده‌یه پاره بنێرێت.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 19ـی كانوونی یه‌كه‌م، جه‌مال شكور ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به "وشه"ی راگه‌یاند، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه كازمی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بووه كه پاره بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرێت، هیچ لاریی نییه له‌وه‌ی 320 ملیار دینار بۆ ئه‌م مانگه ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكات.
ئه‌وه‌شی گوت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كێشه‌ی دروست كردووه لایه‌نه شیعه‌كانن، ئه‌وان چونكه زۆرینه‌ن، ده‌توانن پاڵه‌په‌ستۆ بكه‌ن و گرفت له ناردنی مووچه بۆ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی له به‌غداوه دروست بكه‌ن. ئه‌وه‌شی كه كازمی ده‌یه‌وێت بینێرێت پاره‌ی مانگه‌كانی رابردووه.
ئه‌مین به‌كر راوێژكاری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق بۆ "وشه"ی دووپات كرده‌وه، به دڵنیاییه‌وه مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئاماده‌یه 320 ملیار دینار بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرێت، به‌ڵام شیعه بوونه‌ته رێگر.
زیاتر گوتی: هه‌وڵه‌كان به ئاراسته‌ی باشدان و به تایبه‌تی دوای سه‌ردانه‌كه‌ی كازمی بۆ توركیا.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی