ئۆتۆمبێله‌ 20 هه‌زار دۆلارییه‌كه‌ی ئێران له‌كاتی نمایشكردندا هه‌ڵنه‌بوو

:: PM:03:07:20/12/2020 ‌
كۆمپانیای نیشتمانی "ئێران خۆدرۆ" په‌رده‌ی له‌سه‌ر مۆدێلێكی نوێی ئۆتۆمبێل له‌ جۆری "تارا" هه‌ڵدایه‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌ له‌ 21ی گوڵانی 2021 بخرێته‌ بازاڕه‌وه‌، به‌ڵام له‌ رێوڕه‌سمی نمایشكردنیدا كه‌ سه‌رۆك كۆمار و وه‌زیری پیشه‌سازی ئه‌و وڵاته‌ ئاماده‌ بوون، ئۆتۆمبێله‌كه‌ هه‌ڵنه‌بوو.
ئێران ئەو ئۆتۆمبێلەی بۆ رکابەری پاسات سی سی و تۆیۆتا کامری دروست کردووە .

بڕیاره‌ ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ به‌ سێ كوالیتی و تایبه‌تمه‌ندی جیاوازه‌وه‌ بخرێته‌ بازاڕه‌كانی ئێرانه‌وه‌ و جۆری گێڕی مانوێڵ "ئاسایی"ی ئه‌و  ئۆتۆمبێله‌، به‌ 400 ملیۆن تمه‌ن "16 هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی" بدرێته‌ هاووڵاتییان و جۆره‌كانی گێڕی ئۆتۆماتیك و كاره‌باییه‌كه‌ی به‌ سه‌رووی 20 هه‌زار دۆلار بفرۆشرێت.

كۆمپانیای ئیزۆ كه‌ كوالێتی و ئاستی ستانداردی ئۆتۆمبێله‌كان له‌ دنیا هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت، ئه‌و به‌رهه‌مه‌ نوێیه‌ی ئێران خۆدرۆی له‌گه‌ڵ جۆری ئۆتۆمبێلی جیلی چینی به‌راورد كردووه‌ و له‌ زۆر رووه‌وه‌، وه‌ك ئێرباك و ئه‌ی بی ئێس و هاوسه‌نگی له‌ تیژڕۆییدا، كوالیتی تارای ئێرانی ناگاته‌ ئاستی جیلی چینی، به‌ڵام ئۆتۆمبێلی كۆمپانیای جیلی به‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی تارای ئێران خۆدرۆ هه‌یه‌تی، به‌هاكه‌ی له‌ شه‌ش هه‌زار دۆلاره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات و تا نۆ هه‌زار دۆلاریش ده‌ڕوات.

شه‌وی رابردوو له‌ رێوڕه‌سمێكدا كه‌ بۆ په‌رده‌لادان له‌سه‌ر ئۆتۆمبێلی تارای ئێرانی رێكخرابوو، كاتێك ئه‌ندازیارانی ئه‌و كۆمپانیایه‌ ویستیان ئۆتۆمبێله‌كه‌ پێشانی هاووڵاتییان بده‌ن، دوای هه‌وڵدانێكی زۆر نه‌یانتوانی ئۆتۆمبێله‌كه‌ هه‌ڵبكه‌ن و ئه‌وه‌ش كاردانه‌وه‌ی زۆری له‌سه‌ر ئاستی ئێران و میدیاكانی دنیا لێ كه‌وته‌وه‌.
بە کۆمپانیای ئیزۆ ئەو ئۆتۆمبێلە ئێرانییە ناگاتە ئاستی جیلی چینی .

پێشتر كۆمپانیای ئێران خۆدرۆ رای گه‌یاندبوو، ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ نوێیه‌ بۆ ركابه‌ریكردن له‌گه‌ڵ جۆره‌كانی پاسات سی سی و فۆڕد تۆره‌س و هیوندای سۆناتا و تۆیۆتا كامری به‌رهه‌م هاتووه‌، به‌ڵام نمایشه‌كه‌ی شه‌وی رابردوو بوو به‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ ماڵپه‌ڕ و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان مۆدێلی تارای كۆمپانیای ئێران خۆدرۆ ببێت به‌ نوكته‌ی ساڵ.

ماڵپه‌ڕی "ده‌نگی خه‌ڵكی ئێران" نووسیویه‌تی، كۆمپانیای ئێران خۆدرۆ پرایدی 40 ملیۆنی ئێرانی بۆ بۆیاخ كردووین و به‌ 400 ملیۆن تمه‌ن پێمان ده‌فرۆشێته‌وه‌، با خه‌ڵك خێرا ناویان تۆمار بكه‌ن بۆ كڕینی تا وڵاتانی دنیا پێیان نه‌زانیوه‌، ئه‌گه‌رنا دواتر ناچار ده‌بین له‌بری تارا مارسیدس بێنز یان تۆیۆتا ئه‌ڤه‌لۆن به‌ هه‌مان نرخ بكڕین.

هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێل له‌ ئێران رێوشوێنی توندی بۆ دانراوه‌ و حكوومه‌ت بۆ پاڵپشتی له‌ به‌رهه‌می ناوخۆیی، باجی زۆری خستووه‌ته‌ سه‌ر ئۆتۆمبێلی بیانی و ئه‌گه‌ر هه‌ر هاووڵاتییه‌ ئۆتۆمبێلێكی ئه‌وروپی به‌ به‌های 20 هه‌زار دۆلار هاورده‌ بكات، له‌كاتی داخڵبوونی بۆ ناو ئێران، ده‌بێ هێنده‌ی پاره‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ گومرگ بدات.

كوالێتی ئۆتۆمبێله‌كانی ئێران هیج ستانداردێكی جیهانیی تێدا پێڕه‌و ناكرێت و ئه‌وه‌ش وای كردووه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ڤیدیۆی جۆراوجۆر له‌ كێشه‌ ته‌كنیكییه‌كانی به‌رهه‌می ئێران خۆدرۆ بڵاو ببێته‌وه‌، كڕیارێكی ئه‌و كۆمپانیایه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ ڤیدیۆیه‌كی بۆ ئاژانسی هه‌واڵی بی بی سی ناردووه‌ كه‌ ئۆتۆمبێلێكی جۆری پرایدی به‌ سفر كیلۆمه‌تری له‌ كۆمپانیا كڕیوه‌، دوای ئه‌وه‌ی ده‌یباته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ناكوژێته‌وه‌ و ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ كۆمپانیا، به‌ڵام كۆمپانیا ئادرێسی میكانیكێكی پێ ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بچێت له‌وێ چاكی بكاته‌وه‌.

ساڵی 2016 ژماره‌یه‌ك ئۆتۆمبێلی جۆری پرایدی ئێرانی هاورده‌ی عێراق كران و به‌ نرخی حه‌وت هه‌زار دۆلار له‌ بازاڕه‌كانی نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا و به‌غدا فرۆشران، ئه‌وكات له‌ ئێران هاووڵاتییان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ گاڵته‌وه‌ نووسیبوویان، ئێران ده‌یه‌وێ تۆڵه‌ی هه‌شت ساڵ شه‌ڕی ئێران – عێراق به‌ پراید بكاته‌وه‌.

هۆكاره‌كه‌ی نه‌بوونی هیچ مه‌رجێكی سه‌لامه‌تییه‌ له‌ناو ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ و ئێسته‌ له‌ ناوخۆی ئێرانیش هیچ پرایدێك بۆی نییه‌ 15 كیلۆمه‌تر له‌ شاره‌كان دوور بكه‌وێته‌وه‌، رێ ناده‌ن سه‌فه‌ری نێوان شاره‌كانی پێ بكرێت، ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ سیستمی ستۆپ و ئێربه‌ك و چانسی ستاندارد نییه‌ و هه‌ندێك جار ستۆپگرتن له‌ خێرایی سه‌رووی 80 كیلۆمه‌تر، ئۆتۆمبێله‌كه‌ وه‌رده‌گێڕێت.



وشە - هیدایه‌ت جان