هەولێر پشتیوانی لە کۆڵبەرانی رۆژهەڵات دەکات

:: AM:10:04:22/02/2017 ‌
وەک رێزگرتنێک لە گیانی ئەو کۆڵبەرانەی لەسەر سنوورەکان بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکانیان کەلوپەل لە باشووری کوردستان بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دەگوازنەوە و لەلایەن هێزە تەناهییەکانی کۆماری ئیسلامی دەکورژرێن یان بە هۆکارەکانی مین و داڕمانی بەفر گیان لەدەست دەدەن، ئەمڕۆ لە هەولێر پێشانگایەکی فۆتۆ دەکرێتەوە و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبیت.

ئەمڕۆ چوارشەم 22یه شوبات/فێبرایەر لە گەلەری شانەدەری هەولێر پێشانگایەکی فۆتۆ لەبارەی کاسبکارانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێتەوە و خاوەنی پێشانگەکەییش دەڵێ، بۆ ریزگرتن لە گیانی ئەو کۆڵبەرانەی هەفتەی رابردوو کەوتنە بن ڕنوو و گیانیان لەدەستدا و هاندانی کوردان بۆ پشتیوانیکردن لە کۆڵبەرانی کورد ئەو پێشانگایەیان کردوەتەوە.

هاوكار رسكن بەرێوەبەری گەلەری شانەدەر بە "وشە"ی راگەیاند، لەمەر گیان لەدەستدانی كۆلبەرانی كورد لە سنوورەكانی ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان بۆ پاڵپشتی و بەدەستهێنانی ناڕەزایی زیاتری جەماوەر و هاوخەمی بۆ هاونیشتیمانیانی كوردی ڕۆژهەڵات، ئەمڕۆ رۆژی چوارشەمە پێشانگایەكی فۆتۆگرافی و ئەرشیفی فۆتۆگرافەران دەكەینەوە.

زیاتر روونی دەکاتەوە،لە پێشانگەکەدا چەندان وێنەی تایبەتی كۆلبەران لەكاتە جیاوازەكانی كاركردن نمایش دەكەین ، رێكخراوی لاوانی ڕۆژهەڵات هەڵساوە بە كردنەوەی ئەو پێشانگایە وەك هاوخەمییەكە بۆ كۆلبەرانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بەهاوكاری هاوكار گروپ پردی هونەری و كولتووری كوردی دەكرێتەوەو ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت 

فۆتۆکانی انو پێشانگەکە تایبەتن بەكۆلبەران و تیایدا 30 تابلۆی فۆتۆیی و كاریكاتێر لەلایەن قوتابیانی ڕۆژهەڵات نمایش دەكرێت. پێشانگەکە ئەمڕۆ چوارشەم 22ی شوبات سەعات 10:30 خولەك لەهۆڵی نیاندەرتاڵ لە گالەری شانەدەر دەکرێتەوە و ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت .

دوو هەفتە لەمەوبەر لەسنوری بێورانی سەردەشت چەند كۆڵبەرێك كەوتنە ژێر دارمانی بەفر و بەهۆیەوە چوار کۆڵبەر گیانیان لەدەستدا و نۆ کۆڵبەریتر بریندار بوون.

هەولێر/ شاخەوان شێخانی


وشە - هیدایه‌ت جان