بۆچی پەکەکە شەڕ بە هەرێمی کوردستان دەفرۆشێت؟

:: PM:02:41:25/12/2020 ‌
لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگی رابردوودا، پەکەکە سێ جار پەلاماری هێزی پێشمەرگەی کوردستانی داوە و لە ئەنجامدا چەندان پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون. بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان کە شادەماری ئابووری ئەم هەرێمەیە لەلایەن پەکەکەوە تەقێندرایەوە، بەرپرسێکی ئاسایش لە ناوچەی بەرواری باڵا بەدەستی چەکدارانی پەکەکەوە تیرۆر کرا، هەروەها شوێنپێ و شوێنەواری دزەکردنی چەکدارانی پەکەکە بۆ ناو خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییە و هاندانی خۆپێشاندەران بۆ هێرشکردنە سەر بارەگا حزبی و دامەزراوە حکوومییەکان و تەقەکردن لە هێزەکانی تەناهی و تەنانەت خۆپێشاندەرانیش، بە بەڵگە پشتڕاست کراونەتەوە، لە شنگالیش لە بەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە، بووەتە ئاستەنگ.

هەر لە دوای ڕاپەڕینەوە تا دەگاتە ساڵی 2001، پەکەکە لە چەندان قۆناغدا شەڕی لەگەڵ هەردوو هێزی سەرەکی باشوور، واتە یەکێتی و پارتی کردووە و نەهامەتی زۆری بەسەر خەڵکی هەرێمدا هێناوە و زیاتر لە 20 ساڵە هەر لە قەندیلەوە بگرە تا دەگاتە بادینان، بە زۆرەملێ و نایاسایی, ژمارەیەکی بەرچاو لە گوند و ناوچەی هەرێمی کوردستانی داگیر کردووە و کردوونی بە مەیدانی تەراتێنی خۆی و سوپای داگیرکەری تورک و ئێران. 

لە شنگالیش بارودۆخەکە ئاشکرایە کە چۆن پەکەکە شەڕی نەگریسی داعشی قۆستەوە و دەستی بەسەر ئەو ناوچەیەدا گرت. 
لێرەدا پرسیار ئەوەیە پەکەکە بۆچی و لە پێناوی چیدا ئەمانە دەکات؟

جارێ پێش هەموو شتێک پێویستە ئاماژە بەو راستییە بکەین کە چالاکی چەکداری و ڕێکخستنی پەکەکە لە باکوری کوردستان، زۆر کەم بووەتەوە و لاواز بووە. 

ئەمە ڕەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت کە دەوڵەتی تورک تووانیویەتی بارودۆخەکە کۆنترۆڵ بکات و ڕێ لە چالاکی پەکەکە بگرێت، یان خەڵکی باکوری کوردستان ماندوو بوون و لە پەکەکە سارد بوونەتەوە و لە هەمانکاتیشدا چاوترسێن کراون. یاخۆ لە ڕاستیدا بۆی هەیە پەکەکە خۆی لە چوارچێوەی ئەجێندای ئێران و هاوپەیمانەکانیدا و هاوکات بۆ شاردنەوەی شکستەکانی لە باکور، ستراتیجی خۆی گۆڕیبێت و ڕووی چالاکییەکانی بەرەو باشوور و رۆژئاوای کوردستان سوڕاندبێت. چونکە لەم چەند ساڵەی دواییدا کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەرقاڵی شەڕی داعش بوون، پەکەکە دەیان بنکەی نوێی لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان، هەر لە شارباژێر و بەمۆ و دەربەندیخانەوە بگرە تا چەمچەماڵ و تەقتەق و مەخمور و چیای قەرەچۆخ و شنگال کردووەتەوە. 

بەو شێوەیە هەر لە سنووری رۆژهەڵاتی کوردستانەوە تا دەگاتە سنووری رۆژئاوای کوردستان، هێڵێکیان دروست کردووە. گەلۆ ئەم هێڵە لە قووڵایی خاکی هەرێمدا بەشێک نییە لە درێژکراوەی هیلالی شیعی کە ئێران دەیەوێت لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بەڕێوەی ببات؟
خەڵکی هەرێمی کوردستان لە قۆناغە جیاوازەکاندا هەست و سۆزی بۆ خەباتی ڕزگاریخوازی لە باکوری کوردستان و پارچەکانی تریش پێشانداوە و پشتگیری کردوون. سەیر ئەوەیە لێکدانەوەی پەکەکە بۆ ئەم هەست و ئینتیما نەتەوەییەی گەلی هەرێمی کوردستان زۆر ناڕاست و نالۆجیکییە. 

پەکەکە وا بیر دەکاتەوە یاخۆ ڕاستتر بڵێم، وەها لە بەرژەوەندیدایە وا بیر بکاتەوە کە ئەم هەست و سۆزە بۆ پەکەکەیە. بۆیە بەم لۆجیکەوە ڕەوایەتی بە دەستێوەردانە ناشەرعییەکەیان لە کوردستان دەدەن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پەکەکە لەژێر ناوی جیاوازی وەک (یەنەدەکە، پەچەدەکە، تەڤگەری ئازادی و...تاد) چەندان جار دەرفەتی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و عێراقیش پێدراوە، بەڵام ژمارەی دەنگەکانیان هیچکاتێک تەنیا دوو هەزار دەنگی تێنەپەڕاندووە. ئەمە باشترین وەڵامە بۆ ئەو بیرکردنەوە چەوتەی پەکەکە لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە. 

دەستێوەردانە ناڕەواکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، نەک هەر هیچ پاساوێک هەڵناگرێت بەڵکو لە راستیدا دەکەوێتە چوارچێوەی ئەجێندای دوژمنانی کورد و بەتایبەتیش کۆماری ئیسلامی ئێران و لایەنە شۆڤێنی و تایفییە شیعەکانی پێوەست بە ئێرانەوە، کە مەبەست لێی تێکدانی بارودۆخی هەرێم و لاوازکردنی حکوومەتی هەرێمە.

لە شەڕی دژی داعشدا، زۆر حزب و لایەنی پارچەکانی تری کوردستان یارمەتی هێزی پێشمەرگەیان دا، بەڵام دواتر و لەسەر داوای وەزارەتی پێشمەرگە گەڕانەوە بنکە و بارەگاکانی خۆیان و سوپاسیشیان کرا. کەچی پەکەکە دەستی بەسەر شنگالدا گرت و هێزی چەکداری دروست کرد و ئیدارەیەکی تایبەتی دامەزراند و پاڵی بە حەشدی شەعبیەوە دا و بوو بە هۆی ئاڵۆزی و بشێوی لەو ناوچەیە، بەجۆرێک دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 5 ساڵ بەسەر ئازادکردنی شنگال لە دەستی داعش، ئەو دۆخەی پەکەکە دروستی کردووە، هێشتا نزیکەی ٧٥%ی خەڵکی شنگال نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. 

ئێستەیش کە حکوومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر دۆخی شنگال ڕێککەوتنیان کردووە، جارێکی تر پەکەکە بەربەستی سەرەکییە لە بەردەم جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە.

بە هەموو پێوەرێک، ئەوەی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەیکات، شەڕ فرۆشتنە. ئیدی بەرپرسانی باڵای حیزبەکانی تریش ڕاشکاوانە ددانیان بەو راستیەدا ناوە و گەلی کوردستانیش ئەم راستییە دەزانن کە پەکەکە لەلایەن چەند وڵاتێکەوە بۆ سەپاندنی هەژموون و ئەجێندای تایبەت بەسەر هەرێمی کوردستاندا بەکار دەهێنرێن، بەتایبەتی لەوکاتە هەستیارەی ئێستەدا کە گوشاری سیاسی و ئابووری عێراق و شۆڤێنیزمی نەتەوەیی و تایفی عەرەب، بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە لوتکەدایە.

هەوراز گەرمیانی


وشە - تایبه‌ت