راپرسییەك بۆ هاندەرانی ریال مەدرید.. كامیان بمێننەوە ئیسكۆ یان رۆدریگیز؟
رۆژنامەی (ماركا)ی مەدریدی راپرسییەكی خستە بەر دەستی هاندەرانی یانەی ریال مەدرید سەبارەت بە مانەوەی یەكێك لە ئەستێرەكانی یانەكەیان خامیس رۆدریگیز یان ئیسكۆ ئەلاركۆن لە وەرزی داهاتوودا.
ئەمە لە كاتێكدایە كە هەردوو یاریزانە بەنیازن بۆ هاوینی داهاتوو ریزی یانەی شاهانە جێبێڵن بەهۆی فەرامۆشكردنیان لەلایەن زێنەدین زێدانی راهێنەرەوە.
رۆژنامەكە لە راپرسییەكەدا داوای لە هاندەرانی یانەی ریال مەدرید كرد دەنگ لەسەر یەكێك لەو دوو یاریزانە بدەن كە پێیان باشە بۆ وەرزی داهاتوو هەر لە ریزی یانەكەیان بمێننەوە.
لە راپرسییەكەدا زۆرینەی هاندەرانی یانەی ریال مەدرید پێیان باش بوو بۆ وەرزی داهاتوو رۆدریگیز لە ریزی یانەكەیان بمێنێتەوە و ئیسكۆش بفرۆشن.
لە راپرسییەكەدا 80 هەزار هاندەر بەشدارییان كرد و تێیدا 61.75% دەنگیان بە رۆدریگیز دا لەبەرامبەریشدا 28.25% دەنگیان بە ئیسكۆ دابوو.
هەرچەندە هەردوو یاریزانەكە ئەمساڵ لە بەشێكی زۆری یارییەكانی یانەی ریال مەدرید دابڕاون، بەڵام رۆدریگیز لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاندبوو كە ئارەزووی مانەوە دەكات، بەڵام ئیسكۆ رایگەیاندبوو كە دەیەوێ كۆتایی ئەم وەرزە یانەی شاهانە جێبێڵێ.
جێی باسە یانەی بەشەلۆنە بەتایبەتیش جۆسیپ ماریا بارتومیۆی سەرۆكی یانەكە دەیەوێ ناڕەزاییەكانی ئیسكۆ لە یانەی ریال مەدرید هەڵبقۆزێتەوە و دواجار بیباتە ریزی یانەكەیەوە، یانەكە پێشتریش هەوڵی گرێبەستكردنی لەگەڵ دابوو كاتێك یاریزانی یانەی ڤالێنسیا و مەلەگە بوو.
وشە -
ئامانج ئهكرهم