یانه‌ی سانتۆسی به‌ڕازیلی له به‌یاننامه‌یه‌كدا ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه، مێسی گه‌یشتبێته شكاندنی ژماره پێوانه‌ییه‌كه‌ی پێلێی ئه‌فسانه‌ی تۆپی پێی به‌ڕازیل.
دوای ئه‌وه‌ی مێسی له یاریی به‌رامبه‌ر ڤایادۆلید سێشه‌می رابردوو توانی گۆڵێك تۆماربكات، وا بڵاوكرایه‌وه مێسی ژماره‌ی پێوانه‌یی پێلێی شكاند، كه تۆماركردنی 644 گۆڵه له‌گه‌ڵ یه‌ك تیپ و ئێسته مێسی خاوه‌نی ئه‌م ژماره‌یه‌یه و پێشتر پێلێ به 643 گۆڵ له‌گه‌ل یه‌ك تیپ، خاوه‌نی ژماره پێوانه‌ییه‌كه بووه.
به‌ڵام ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 29ی كانوونی یه‌كه‌م، یانه‌ی سانتۆسی به‌ڕازیلی، كه پێلێ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌وێدا یاریی كردووه، له به‌یاننامه‌یه‌كدا "به داتا و ئامار" ره‌تیان كرده‌وه ژماره پێوانه‌ییه‌كه‌ی پێلێ له لایه‌ن مێسییه‌وه شكابێت.
یانه به‌ڕازیلییه‌كه ده‌ڵێن: "ده‌یانه‌وێت 448 گۆڵی پێلێ بسڕنه‌وه، كه له یارییه فه‌رمی و پاڵه‌وانیه‌تییه‌كاندا به‌رامبه‌ر به‌هێزترین تیپه‌كان تۆماری كردووه.
هه‌روه‌ها له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه "یانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له مه‌كسیك، كۆلۆ كۆلۆ له چیلی 9 گۆڵیان له لایه‌ن پێڵێیه‌وه لێكراوه، هه‌روه‌ها ئینته‌رمیلانی ئیتالی، كه له شه‌سته‌كان دیارترین تیپی ئه‌وروپا بوو، له لایه‌ن پێلێیه‌وه 9 گۆڵیان لێكراوه.
یانه‌ی سانتۆس ناوی هه‌موو ئه‌و یانه گه‌ورانه‌یان نووسیوه كه پێلێ گۆڵی لێ تۆماركردوون و به ژماره و داتا بڵاویان كردووه‌ته‌وه، به تایبه‌تی یانه‌كانی ئه‌وروپا.
یانه‌كه ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، پێلێ 448 گۆڵی له یارییه دۆستانه‌كاندا تۆمار كردووه، به‌ڵام یارییه‌كان فه‌رمی بوونه و به پێی رێنوێنی و بنه‌ماكانی تۆپی پێ و پرۆتۆكۆڵ ئه‌نجام دراون.
یانه‌ی سانتۆس پێیان وایه تۆماركردنی گۆڵ هه‌ر گۆڵه و له هه‌ر یانه‌یه‌ك تۆمار بكرێت، ئاساییه و ده‌چێته نێو تۆمار و ئاماره‌كانی یانه‌كانه‌وه.